فێرخوازانی بەشەکانی کارگێڕی گشتی و کارگێڕی کار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کار لە هەولێر دەکەن
بۆ ئاشنابوون بە ڕێکارە کارگێڕییەکان و میکانزمى کارکردن لە دامەزراوە حکومییەکاندا، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشەکانی (کارگێڕی گشتی) و (کارگێڕی کار) سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار لە هەولێر ئەنجامدا.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، ، فێرخوازان بە سەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەری ڕاز ئازاد جەلال) لەلایەن (بەڕێز فەرید عەلی حەیدەر)، بەڕێوەبەری گشتی، پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری گشتی کورتەیەکی دەربارەی ئەرک و فەرمانە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ فێرخوازان شیکردەوە.
لە درێژەی سەردانەکەدا، (زیان حسێن محەمەد) سیمینارێکی زانیاریبەخشی پێشکەش کرد و تێیدا پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ڕوونکردەوە، لەوانە بەشەکانی: (کارگێڕی و دارایی، یاسایی و گرێبەستەکان، پلاندانان، پشکنینی کار، سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ڕاهێنانی پیشەیی و سەرچاوە مرۆییەکان).
هەروەها (کەوسەر عەبدوڵڵا)، فەرمانبەر لە بەشی کارگێڕی، تیشکی خستە سەر گرنگترین ئەو ئەرک و کارە کارگێڕییانەی کە ڕۆژانە لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەدا جێبەجێ دەکرێن. لە کۆتایی سەردانەکەدا، سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاسی بێپایانی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کار کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو زانیارییە بەپێزانەی کە پێشکەشیان کرا.







