فێرخوازێکی بەشى پەروەردەى گشتى وەک وەرگێڕێکی لێهاتوو بەشدارى لە چالاکیەکانى ١١مین پیشانگەی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێل کرد
لە نێوان ڕێکەوتی (٥ تا ٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، (نیگا نەهرۆ محەمەد) فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارا و سەرکەوتووی لە ١١مین پیشانگەی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگدا کرد، کە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە میانەى بەشداریکردنەکانیدا نیگا نەهرۆ ئەرکی وەرگێڕی ڕاستەوخۆی بۆ کۆمپانیای (لمعان الوسام) لە ئەستۆ گرتبوو، کە تێیدا وەرگێڕانی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی کوردی و بەپێچەوانەشەوە دەکرد. ئەم ڕۆڵە بووە هۆی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێز لە نێوان نوێنەرە بیانییەکانی کۆمپانیاکە و سەردانیکەرانی ناوخۆیی. سەرەڕای کاری وەرگێڕان، نیگا نەهرۆ بە لێهاتووییەکی زۆرەوە وردەکاری و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی کاڵاکانی کۆمپانیاکەی بۆ کڕیاران ڕوون دەکردەوە، ئەمەش ئاستی بەرزی زانستی و توانای مامەڵەکردنی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا نیشان دا.
لە کۆتایی پیشانگەکەدا، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە و سەرپەرشتیاری چالاکییەکە دەستخۆشی و پێزانینی زۆریان بۆ فێرخوازەکەى بەشى پەروەردەى گشتى دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو ئاستەی ئەو نیشانی داوە، ڕەنگدانەوەی پەروەردە و فێرکردنە ئەکادیمییەکەی زانکۆی جیهان-هەولێرە.







