فێرخوازەکەی خوێندنی باڵای پۆڵندا، بەهاوکاری زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامە لە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری
لە بەردەوامی دیدار و چاوپێکەوتنە ئەکادیمی و زانستیەکانی و، بەئامانجی دەوڵەمەندکردنی تێزی دکتۆراکەی کە تایبەتە بەسەربەخۆیی کوردستان، فێرخوازەکەی خوێندنی باڵای پۆڵندا، بەهاوکاری زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامە لە کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە پێویستەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی (29/5/2022) خاتوو ئادریانا چارنێکا، کە فێرخوازی خوێندنی باڵا/دکتۆرایە لە زانکۆی (کۆپەرنیکۆس لە شاری تۆرون) لە پۆڵەندا، لە پاڕلەمانی کوردستان لەگەڵ دکتۆر هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان دیدارێکی زانستی ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، کە دکتۆر مەیسون حەیدەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ کاروباری زانستی ئامادەیبوو، گفتووگۆیان لەبارەی دۆزی کورد و بابەتی سەربەخۆی کوردستان کرا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا، باس هۆکارەکانی دروستنەبونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئاڵنگارییەکانی بەردەمی کرا، بەتایبەت ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەگشتی، هەروەک گرنگی هاوكاریی و پشتیوانیان بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان لە ناوچەكە و، کۆڵەگەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ و، گرنگی زمانێكی هاوبەش و گەشەكردنی ئابوری و پاراستنی هێمنی و سەقامگیری چەند تەوەرێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان بوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا، ئەو فێرخوازەی خوێندنی باڵای پۆڵندا لە کوردستان، بەهاوکاری زانکۆی جیهان-هەولێر چەندین دیداری دیکەی زانستی ئەنجامداوە، بەتایبەت لەگەڵ دكتۆر مەدحد محمد سلێمان، ڕاوێژكار لە پاڕلەمانی کوردستان، سینەم جەلادت بەدرخان لە بنەماڵەی بەدرخانیەکان، دكتۆر محمد وەلەدبەگی مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی سەڵاحەددین-هەولێر، دكتۆر ئارام مامۆستا لە بەشی كارگێری کار لە زانكۆی جیهان-هەولێر، لە هەریەک لەو دیدارانەش لە ڕوانگەی ئابوری، ڕۆژنامەوانی، یاسایی، نێودەوڵەتی گفتۆگۆی لەبارەی تێزی دکتۆرانامەکەی کرد، لەهەمان کاتدا لەگەڵ مامۆستایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دیدارێکی زانستی ئەنجامدا.