فێرخوازەکەی خوێندنی باڵای پۆڵندا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوەوە
لە درێژەى چالاکیە زانستیەکانى خاتوو ئادریانا چارنێکا، فێرخوازی خوێندنی باڵا/دکتۆرا لە زانکۆی (کۆپەرنیکۆس لە شاری تۆرون) لە پۆڵەندا، کە تێزى دکتۆرایەکەى لەبارەى (سەربەخۆیی کوردستان)ە چەندین دیدارى دیکەى زانستى ئەنجامدا.
بۆ ئەو مەبەستە، ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی (1/6/2022) خاتوو ئادریانا چارنێکا، لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دیدارێکى زانستى لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، کە دکتۆر مەیسون حەیدەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ کاروباری زانستی ئامادەیبوو، خاتوو ئادریانا چارنێکا پڕۆفیسۆر دکتۆر عبدالفتاح عبدالرزاق لەگەڵ گفتووگۆیان لەبارەی دۆزی کورد و بابەتی سەربەخۆی کوردستان کرد، بۆ ئەوەش بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە فێرخوازێکى دکتۆرا لە وڵاتێکى دیکە تێزى دکتۆراکەى تەرخان دەکات بۆ بابەتێک گرنگ ئەوەش سەربەخۆیی کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لەلایەنە یاساییەکانى دامەزراندنى دەوڵەت و پێکهاتەى کوردستان لە ڕووى یاسایی و پێگەى کوردستان لە لە بنەما دەستورییەکان بۆ خاتوو ئادریانا چارنێکا کرد و پاشان وەڵامى پرسیارەکانیشى دایەوە.
لە بەردەوامی دیدار و چاوپێکەوتنە ئەکادیمی و زانستیەکانی و، بەئامانجی دەوڵەمەندکردنی تێزی دکتۆراکەی، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، ئەو فێرخوازەی خوێندنی باڵای پۆڵندا لە کوردستان، بەهاوکاری زانکۆی جیهان-هەولێر چەندین دیدارێکى دیکەی زانستی ئەنجامدا، بەتایبەت لەگەڵ دکتۆر کارزان کەریم خوارحم ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارى پەروەردە و خوێندنی باڵا و، دكتۆر چنار سەعد عەبدوڵلا ئەندامى سەرکردایەتى (پ.د.ک) و عەلی حسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەریەک لەو دیدارانەش لە ڕوانگەی سیاسى و، نێودەوڵەتی گفتۆگۆی لەبارەی پرسیارى تێزی دکتۆرانامەکەی کرد.
بەو شێوەیە خاتوو ئادریانا چارنێکا دواى ئەنجامدانى چەندین دیدار و کۆبونەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، پێشکەشکردنى سیمپۆزیۆمێک و وۆرکشۆپێک کۆتایی بەسەردانەکەى هێنا و، دەگەڕێتەوە پۆڵندا.
ئادریان چارنێکا، کە فێرخوازى دکتۆرایە لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکان و توێژینەوەکانی ئاسایش لە زانکۆى نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس لە شارى (ToRUŃ)ى پۆڵندا، ئەو لە ئێستادا لە پرۆسەی نووسینی تێزی دکتۆراکەیەتى، کە تایبەت بەسەربەخۆیى کوردستانە بە ناونیشانی (Kurdish Independence Capital in the Middle East).
ئەو فێرخوازە بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەکەى بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە پێویستى بەهاوکارى و پاڵپشتى لە هەر چوار پارچەى کوردستان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەى مانەوەى لە کوردستان، زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەردەوامى هەماهەنگى و هاوکارییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتانى جیهان و پۆڵندا بەتایبەت لەلایەک و، وەک ئەرکێکى نیشتیمانى لەلایەکى دیکە میوانداریکردنى ئەو فێرخوازەکەى پەسند کرد و هەموو کارئاسانى و پاڵپشتیەکى زانستى و لۆجیستى پێشکەشکرد و، توانى بەوردى کار لەسەر ئەنجامدانى توێژینەوەکەى بکات.