لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی باس لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتی کرا
بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان سەبارەت بەچۆنیەتى دامەزراندنى ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى و شێوازى دابەشکردنى ڕۆڵ و بەرپەرسیاریەتیەکان، لە بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی زانکۆى جیهان-هەولێر دانیشتنێکى گریمانەیی لە نێوان ژمارەیەک لە وڵاتان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (09/10/2022) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر مەحمود ئیسماعیل محەمەد لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی، دانیشتنێکی گریمانەیی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە هۆڵی دادگای گریمانەیی زانکۆی جیهان بەڕێوەبردرا، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار پێشەکییەکی لەبارەی دامەزراندنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرنگی و ڕۆڵی و لێهاتوویی ئۆرگانەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ فێرخوازان باسکرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، گفتوگۆیەکی گریمانەیی لە نێوان کۆمەڵێک فێرخواز، کە ڕۆڵی نوێنەرانی وڵاتانی (عێراق، تورکیا، ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ڕووسیا) و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەیان بەرجەستە کرد بەڕێوەچوو، لە میانەى گفتوگۆکاندا نوێنەرى هەر وڵاتێک دیدگا و تێڕوانینى وڵاتەکەى سەبارەت بە شێوازى دامەزراندنی ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتی دابەشکردنى بەرپرسیارێتیەکان لە نێوان وڵاتانى بەشداربوو خستەڕوو.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ئامادەبووان ڕێکەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دامەزراندنى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکە و لە ئەستۆگرتنى بەرپرسیاریەتیەکان وەک ئەوەى کۆبونەوەکە بڕیارى لەسەردا. ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ ڕاهێنانى فێرخوازانە بەشێوەیەکى کردەوە سەبارەت بەو ئەرکانەى کە فێرخوازان دواى تەواوکردنى زانکۆ دەتوانن لە سێکتەرە جیاکانى سیاسەت و دیبلۆماسى بیگرنە ئەستۆ.