لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە؛ ڕێورەسمی دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر مامۆستایانی بەشداربووى خولی پێداگۆجی بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونى دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و، ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى پەروەردە و یاریدەدەر و سەرۆکى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێورەسمی دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر مامۆستایانی بەشداربووى دووەمین خولی پێداگۆجی وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوەڕەسمەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣٠/٥/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، پاشان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى وەزیرى پەروەردە و میوانەکان، ئینجا پیرۆزبایی لە گشت مامۆستایانى بەشداربووى خولى پێداگۆجى کرد، کە بەسەرکەوتوویی توانیان خولەک تەواو بکەن، لەهەمان کاتدا سوپاسى وەزیرى پەروەردەى کرد، کە بەردەوام پاڵپشتى ئەو هەماهەنگى و کارى پێکەوەییە لە نێوان وەزارەتەکەیی و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەکات.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگرنگیەوە باسى لەو جۆرە خولانە کرد و ڕایگەیاند: بەرهەمەکانى وەزارەتى پەروەردە دەگاتە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەوەش واتاى ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنى بەرهەم و کارى وەزارەتى پەروەردە لە زانکۆکاندا دەکرێت و دەردەکەوێ، وتیشى کردنەوەى ئەم خولانە تەنها بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى مامۆستایانى بەشداربوو نیە، بەڵکو دورتر لە خولەکان دەڕوانین و چاوەڕێى ئەوە لە بەشداربوان دەکەین لە قوتابخانەکانى خۆیاندا ڕۆڵ ببینن لە پەروەردەکردنى قوتابیان بەشێوەیەک کاتێک هاتنە زانکۆ لە ئاستێکى زانستى بەرزدا بن، چونکە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانى فێرخوازان، کە ئێمە لە زانکۆکان دەستنیشانمان کردوە بریتیە لە لاوازى کەسایەتى فێرخواز، ئەوەش تەنها بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان چارەسەر ناکرێت، ئەگەر ئەو جۆرە هەماهەنگیە لە نێوان وەزارەتى پەروەردە و زانکۆکان بەگشتى و زانکۆى جیهان بەتایبەت نەبێت، هەربۆیە ئێمە لە ڕێگەى ئەو جۆرە خولانە دەزانین پێداویستیەکانى وەزارەتى پەروەردە چین، لەهەمانکاتدا مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردەش لەوە تێدەگەن پێداویستى زانکۆکان چیە؟
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕونتر باسى لە لایەنە جیاکانى پێگەیاندن و کەسایەتى فێرخوازى کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە زانکۆى جیهان-هەولێر وانەى تایبەتیمان لەبارەى (Critical thinking) و (Academic Debate) و (Communications Skills) هەیە، ئەم سێ وانەیە ڕۆڵى تایبەتیان هەیە لەسەر ئەوەى فێرخوازان بتوانن بەشێوەیەکى سەربەخۆ بیر بکەنەوە و بۆچونى خۆیان دەرببڕن و، نەبێتە ئامرازێک تەنها مامۆستا (تلقین)ى بکات، چونکە ئێمە لەو بوارەدا کەموکوڕییەک دەبینین، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە زانکۆى جیهان دەستپێشخەر بووە، بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستى بە هەڵمەتێکى فروانتر لەسەرجەم زانکۆکان هەیە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە پێویستى کردنەوەى خولى پسپۆڕى کرد و وتى: ئێمە تا ئێستا دووەمین خولى پێداگۆجیمان لە زانکۆکەمان بەڕێوەبردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە خولى پسپۆڕى هەیە بەتایبەت لە بوارەکانى (بایۆلۆجى، ماتماتیک کە بنەماى Critical thinking)، بۆ ئەوەش داوا لە دکتۆر ئالان حەمە سەعید کرد هاوکاریان بێت تا بتوانن خولى داهاتوو خولێکى پسپۆڕى بێت بۆ ئەوەى بتوانن زیاتر ئاستى مامۆستایان بەرز بکەنەوە، چونکە زانستەکان بەردەوام لە بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاریدان، بۆ ئەوەش وتى: لەهەر زانکۆیەک یەکەى خوێندنى بەردەوام هەیە، کارى ئەم یەکانە بریتیە لە بەرزکردنەوەى ئاستى سەرجەم مامۆستایا بەو مامۆستایانەشەوە کە ساڵانە پلەى دکتۆرا و نازناوى پرۆفیسۆریشیان بەدەستهێناوە، ئەوانە ساڵانە بەشدارى سێ بۆ چوار خول دەکەن، هەربۆیە لە زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە شەش تا دە خول بۆ مامۆستایانى خۆمان دەکەینەوە، هیواشى خواست هەوڵەکانیان بەو ئاراستەیە چڕ بکەنەوە لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستایان بەپێى پسپۆڕەکانیان.
هەر بەو بۆنەیەوە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: فێرکردنى فێرکار زۆر گرنگترە لە فێرکردنى فێرخواز، وتیشى لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیەدا پێویستە ئێمە خۆمان بۆ ئایندە ئامادە بکەین، چونکە مامۆستاى باش داهاتویەکى باش بونیاد دەنێ، پێداگۆجیش یەکێکە لە پێداویستیە هەر گرنگەکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا چەند پێشنیازێکى خستەڕوو.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنى دووەمین خولى پێداگۆجى تایبەت بە مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە، لەهەمان کاتدا پێشنیازى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێرى بە گرنگ زانى بۆ کردنەوەى خولى پسپۆڕى و، هیواى خواست هەمان خول لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەست پێ بکەن، بۆ ئەوەش ئامادەیی و پاڵپشتى وەزارەتەکەى بۆ بەڕێوەبردنى ئەو خولە دوپات کردەوە، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا باسى لەو پرۆژانە کرد، کە لەلایەن زانکۆى جیهان پێشکەش بە مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کراوە، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە هەموو گۆڕانکارى و دەستپێشخەریەکى پەروەردەیی لە تواناى مامۆستایانەوە دەست پێ دەکات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستەیەشدا ستراتیژى ڕاهێنانى مامۆستایان، کە هەشت تەوەرى جیاى لە خۆگرتوە لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) لە وەزارەتى پەروەردە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە بەشى کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بڕوانامەى دەرچون و بەشداریکردن بەسەر سەرجەم مامۆستایانى دووەمین خولى پێداگۆجى دابەش کرا و، پیرۆزباییان لێکرا.