لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەمەراسیمێک ڕۆژى جیهانى پەرستاران بەرز ڕاگیرا
بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى پەرستاران، زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى کوردستان و، بەدروشمى (پەرستاران پارێزەرى داهاتوى تەندروستیمانن) مەراسیمێک بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (12/05/2024) لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، سەرۆکى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى کوردستان و پەرستاران و، ژمارەیەک لە مامۆستایان، فێرخوازان و، میوانان دەستپێکرد، سەرتا ئامادەبوان بە ساتێکى بێ دەنگى ڕێزیان لە گیانى پاکى شەهیدان و پەرستاران نا، پاشان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.
لەو بارەیەوە؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان؛ پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەى لە پەرستاران کرد، پاشان بە گرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى پەرستاران بۆ خزمەتکردن بە بوارى تەندرستى کرد و وتى: وەک دەزانین پەرستاران بە شادەمارى کەرتى تەندروستى و پزیشکى لە هەر وڵات و کۆمەڵگەیەک دادەنرێن، چونکە هیچ پسپۆڕیەکى بوارى تەندروستى و پزیشکى بەبێ ڕۆڵى پەرستار ناتوانێ بەتەواوەتى ئەرکە پیشەییەکانى ڕابپەڕێنێت، هەربۆیە زۆرجار لە بوارى پزیشکی و تەندروستیدا پەرستار بە پزیشکى مەیدانى وەسف دەکرێ، هەر ئەو ڕۆڵە گرنگە و گەورەیەیە وایکردوە ڕۆژێکى تایبەت لە ڕۆژمێرى جیهانیدا بۆ پەرستاران دیارى بکرێت، وتیشى وەک زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی گەرم لە پەرستاران دەکەین و، ڕۆڵیان لە خزمەتکردن بە بوارى تەندروستى و چارەسەرکردنى چارەسەرخوازان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و، دەستخۆشیان لێ دەکەین.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: وەک زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى پزیشکى و تەندروستیدا (4) کۆلێژ و (11) پسپۆڕیی هەیە و، خاوەن چەندین تاقیگەى پزیشکى سەردەمیانەیە و ڕۆڵێکى گرنگى لە پێگەیاندنى کادیرى پزیشکى و تەندروستى بۆ سێکتەرى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و عێراق، جگە لەوەش لە ئایندەیەکى نزیکدا نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى بەڕووى چارەسەرخوازان و فێرخوازان و توێژەرانى بوارى پزیشکى و تەندروستى دەکاتەوە، کە لە ئێستادا لە قۆناغى جێبەجێکردندایە و بە نوێترین سیستمى تەندروستى جیهانى بونیاد دەنرێ.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا مژدەیەکى گرنگى بە کارمەندانى تەندروستى ڕاگەیاندن و وتى: لەماوەى ڕابردودا ئێمە کۆبونەوەیەکى گرنگمان لەگەڵ سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى هەبوو، ئەوان کۆمەڵێک داواکارییان لە ئێمە هەبوو بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى کارمەندەکانیان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان، لەم بۆنەیەدا پێتان ڕادەگەێنم، کە زانکۆکەمان لە چوارچێوەى ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ جێبەجێکردنى داواکاتان ئینجا بە درێژەدان بە خوێندن لە پسپۆڕییە جیاکان بێت، یان کردنەوەى خولى ڕاهێنان و پەرەپێدان لە بوارە جیاکانى تەندروستى.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، هەریەک لە دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و، سەرۆکى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى کوردستان بەجیا وتاریان پێشکەش کرد، لە وتارەکانیاندا وێڕای پیرۆزبایکردنى ڕۆژی جیهانی پەرستاران، لەهەمان کاتدا دەست خۆشیان لە پەرستاران کرد و تیشکی خستەسەر ڕۆڵ و کاریگەری دیار و بەرچاووی پەرستاران لە بەهانەوەچوون و هاریکاری و یارمەتیدانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان.
مەراسیمەکە بەنمایشکردنى چەند چالاکیەکى هونەر و پیرۆزکردنى ڕۆژى جیهانى پەرستاران کۆتایی پێهات.