
فێرخوازانى بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی ددانی زرڤێ ئەنجام دا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 18, 2026
گروپێک لە فێرخوازانى بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتى ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی مامۆستا نوور سەرکەوت، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی ددانی زرڤێ ئەنجام دا.
سەرەتادکتۆر هیوا سەڵاح محەمەد پێشوازیی لە فێرخوازان کرد و ڕوونکردنەوەیەکی زانستی و وردی دەربارەی قۆناغە جیاوازەکانی دروستکردنی ددانییەکان پێشکەش کرد. هەروەها، جۆرەکانی دروستکردنی ددانییەکانیان پێ ناساندن و باسـی بەکارهێنان و پرۆسەی تەکنیکیی دروستکردنی هەر یەکێکیانی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، فێرخوازانی لەگەڵ ماددە، کەرەستە و ئامرازەکانی بەکارهاتوو لە تاقیگە ئاشنا کرد و گرنگیی وردی لە هەر قۆناغێکی کارەکەدا بۆیان ڕوون کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی، گونجاوی و جوانیی دروستکرنە ددانییەکان.
لە بەردەوامیی سەردانەکەدا، دکتۆر بیلال جەوهەر غازی هاوەڵی فێرخوازانی کرد لە گەشتێکی زانستی بەناو بەشە جیاوازەکانی تاقیگەدا و شێوازی کارکردن و ئەرکی هەر بەشێکیانی بۆ ڕوون کردەوە. هەروەها، ئامێر و تەکنەلۆژیا بەکارهاتووەکان لە پرۆسەی دروستکردنە ددانییەکانیانی پێ ناساندن و بە شێوەیەکی تایبەت باسـی سیستەمەکانی ددانسازی دیجیتاڵی کرد، لەوانە سیستەمەکانی دیزاین و بەرهەمهێنان بە یارمەتی کۆمپیوتەر (CAD/CAM) و تەکنەلۆژیای چاپکردنی سێ ڕەهەندی (3D Printing). هەروەها ڕۆڵ و گرنگیی ئەم تەکنەلۆژیایانەی لە زیادکردنی وردیی دیزاین و بەرهەمهێنان، خێراکردنی پرۆسەی کار و باشترکردنی کوالێتیی دروستکردنە ددانییەکاندا بۆ فێرخوازانی شی کردەوە.
فێرخوازان لە نزیکەوە بە شێوەی کرداری چاودێریی قۆناغەکانی کارکردنی تاقیگەیان کرد و لەگەڵ شێوازی بەکارهێنانی ئامێر و ماددە جیاوازەکان ئاشنا بوون؛ هەروەها قۆناغەکانی ئامادەکردن، دیزاین، دروستکردن، تەواوکردن و پۆلیشکردنی ددانییەکانیان بینی. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگی بۆ فێرخوازان ڕەخساند بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پەیوەندیی نێوان زانیارییە ئەکادیمییەکان و جێبەجێکردنیان لە ژینگەی کاری ڕاستەقینەدا.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان سوپاس و پێزانینی ئاراستەی دکتۆر هیوا سەڵاح محەمەد، دکتۆر بیلال جەوهەر غازی و هەموو کارمەندانی تاقیگەی ددانی زرڤێ دەکەن، بۆ پێشوازیی گەرم، هاوکاری و زانیارییە زانستی و کردارییە بەسوودەکانیان کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنی ئەم سەردانەدا هەبوو
You may also like


