
فێرخوازانی بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان سەردانێکی زانستیان بۆ (تاقیگەی ددانی زرڤێ)یان ئەنجام دا
- Categories بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 14/10/2026، فێرخوازانی قۆناغى سێیەمى بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان لە زانکۆی جیهان–هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی دروستکردنی ددانی زرڤێ ئەنجام دا.
سەردانە زانستییەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر سۆزیار عومەر ئەحمەد بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن دکتۆر هیوا سەڵاح محمد و دکتۆر بیلال جەوهەر غازی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە دوو وتەى جیادا زانیاریی گرنگیان دەربارەی قۆناغە جیاوازەکانی دروستکردنی ددان و تەکنیکە بەکارهاتووەکان لە تاقیگەکەیاندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا دەرفەت بە فێرخوازان درا، بەشەکانى تاقیگەکە بەسەر بکەنەوە تا لە نزیکەوە ئاشنای جۆرەکانی کەرەستە، ئامێر و پێداویستییە تەکنیکییە بەکارهاتووەکان لە دروستکردنی ددانەکاندا ببن، ئەوە جگە لە بینینی پرۆسەکانی کاری تاقیگەیی.
لە میانەى بە سەرکردنەوەى بەشەکانى تاقیگەکەدا، دکتۆر هیوا سەڵاح محمد ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی قۆناغەکانی دروستکردنی ددان پێشکەش بە فێرخوازان کرد؛ هەر لە ئامادەکردنی قاڵبی ددانەوە، تا دروستکردنی پێکهاتەی سەرەکیی ددانەکە و، پاشان بەکارهێنانی ماددەی پاودەر و گەییشتن بە قۆناغە کۆتاییەکانی تەواوکردن و پۆلیشکردن. هەروەک جەختی لەسەر گرنگیی وردبینی و پابەندبوون بە هەنگاوەکانی کارکردن کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی بەرز لە ڕووی کوالێتی، کارایی و جوانکاریی ددانەکان.
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر بیلال جەوهەر غازی فێرخوازانی بە تەکنەلۆجیا نوێییەکانی ناو تاقیگەی ددان ئاشنا کرد، لەوانە سیستمەکانی CAD/CAM بۆ دیزاین و بەرهەمهێنان بە یارمەتیی کۆمپیوتەر، پرینتەری سێ ڕەهەندی (3D Printer) و ژمارەیەک لە ئامێر و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی دیکە.
هەروەها گرنگیی ئەم تەکنەلۆجیایانەی لە زیادکردنی وردبینی، خێرایی و کارایی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و باشترکردنی کوالێتیی ددانییەکان خستە ڕوو، بە تایبەتی لەگەڵ گەشەی خێرای بواری ددانسازیی دیجیتاڵیدا.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری تاقیگەی ددانی زرڤێ، دکتۆر هیوا سەڵاح محمد، دکتۆر بیلال جەوهەر غازی و تەواوی کارمەندانی تاقیگەکە کرد، بۆ پێشوازیی گەرم، هاوکاریی بەردەوام و زانیارییە زانستییە بەسوودەکانیان.
You may also like


