لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێک بۆ سەندیکاى ئەندازیاران کرایەوە
بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى شاندێکى ئەندازیارانى کوردستان کرد، پاشان بەشداریان لە کردنەوەى خولێکى ئەندازیارى کرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠٢٢) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە ئەندازیارى عبدالرحمن علی کوردە نەقیبی ئەندازیارانى کوردستان کرد، لە دیدارێکدا کە بەئامادەبوونى بۆتان طاھر خۆشناو بەرپرسی پەیوەندییەکان و راھێنان و پێگەیاندن لە سەندیکاى ئەندازیاران بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان کرا، بۆ ئەوەش بڕیاردرا لە ئایندەیەکى نزیکدا لە ڕێکەوتنامەیەک ئیمزا بکەن و، تیایدا نەخشەڕیى کارى داهاتویان دابڕێژن.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا، شاندى میوان لە هۆڵى (VIP) بەشداریان لە کردنەوەى خولێکى راھێنانی (ریڤیت) بۆ ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی کرد، لە مەراسیمى کردنەوەى خولەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان پاڵپشتى بۆ کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە کردەوە و، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکى ئەکادیمى و زانستى دەرگاى کرایەوە بۆ سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراو و دامەزراوە حکومى و تایبەتەکان، چونکە پێمان وایە زانکۆ لە پاڵ پێگەیاندنى فێرخوازان دەبێ بەشدار بێ لە پەرەپێدانى تواناى کارمەندان لە بوارە جیاکانى کۆمەڵگە، سەندیکاى ئەندازیارانیش کە رۆڵى گەورەیان لە بونیادنانەوەى ژێرخانى وڵات هەیە، خۆشحاڵین کە بەشدارین لە پەرەپێدانى تواناى ئەندازیاران، بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانى سەرۆکایەتى زانکۆى بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە خولانە دوپاتکردەوە.
پاشان، ئەندازیارى عبدالرحمن علی کوردە نەقیبی ئەندازیارانى کوردستان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: یەکێک لە سەرەکترین ستراتیژەکانى سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بریتیە لە ھەوڵ و رەخساندنی خوول و راھێنانی جۆراو جۆر لە بواری ئەندازیاری لە سەرجەم پسپۆرییەکان بۆ تەواوی ئەندازیارانی ئارەزوومەندان لە سەندیکاکەمان، ئەمڕۆش خۆشحاڵین کە لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر ئەو دەرفەتەمان بۆ ژمارەیەک لە ئەندازیاران ڕەخساندوە، هیواشى خواست خولەکە ببێتە وێستگەیەک بۆ پەرەپێدان بەتوانا مەیدانیەکانى ئەندازیاران، لە کۆتایشدا سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە، هیواى خواست ئەم جۆرە خولانە بەردەوامى پێ بدرێت.
خوولی راھێنانی (ریڤیت) بۆ ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی بریارە بۆ ماوەی سێ ھەفتە بەردەوام بێت و، تییدا ڕۆژانە لەلایەن مامۆستایانى بەشەکانى ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی لە زانکۆى جیهان-هەولێر وانەکان بەشێوەى تیۆرى و پراکتیکى پێشکەش دەکرێ و، باس لە نوێترین مکیانزمەکانى کارکردن لەو بوارەکانى ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی دەکرێ.