لە زانکۆى جیهان-هەولێر وانە پراکتیکیەکانى بەشە زانستیەکان لە ساڵى نوێ دەستى پێکرد
بەئامانجى ڕاهێنانى فێرخوازان لەسەر ئامێرە جۆراوجۆرەکان و، ئاشناکردنیان بەژینگەى کارکردن، وانە پراکتیکیەکانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دەستى پێکرد.
بۆ ئەو مەبەستە گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى (تیشک و سۆنار)، بەسەرپەرشتى مامۆستا (نەڤید عبدالقاسم) سەردانى نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان کرد و، ڕاهێنانیان لەبارەى ( دەستنیشانکردنی تیشک و ئامێری وێنەگرتن) کرد، لەو چوارچێوەیەدا مامۆستاى سەرپەرشتیار دواى ئاشناکردنی فێرخوازان بە ئامێرە جۆراوجۆرەکان، ئینجا بەشێوەیەکى زانستى ڕاهێنانى بەفێرخوازان کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى کارکردن بەئامێرەکان بەپێى ڕەچەتەى پزیشک، هاوکات لە میانەى وەڵامدانەوەى پرسیارى فێرخوازان؛ مامۆستاى سەرپەرشتیار ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى وردەکارى کارکردنى ئامێرەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
ساڵانە لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکان بەپێى پسپۆڕى فێرخوازان پلان و بەرنامەى جۆراوجۆر بەڕێوەدەبرێت بۆ ڕاهێنانى فێرخوازان و ئاشناکردنیان بەژینگەى کارکردن، مەبەست لەو کار و پڕۆژانەش پەرەپێدانى تواناى فێرخوازان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیانە.