سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى باڵای ڕێکخراوی عەرەبى بۆ پەروەردە دەکات
(جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکى ڕێکخراوی عەرەبى بۆ پەروەردە ستایشى هەوڵ و کارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: مایەى شانازییە کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ پێگەیاندن و پەروەردەکردنى فێرخوازان، لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک پڕۆژەى مرۆیی لە بوارە جیاکان ئەنجام دەدات و خزمەت بە چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە دەکات.
رۆژی یەکشەممە رێكەوتی ١٠-٩-٢٠٢٣، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە بەسەرۆکایەتى (جەمال ئەدیب ئەلحسامی) کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر عبدالستار عبدالکریم یاریدەدەرى سەرۆکى زاکۆى بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، (ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخێرهێنانى شاندى میوانى کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى گەشەسەندن و پەرەپێدانى زانکۆ بۆ شاندى میوان باسکرد، هەروەک باسى لەو دەسکەوتە زانستى و ئەکادیمیایانە کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى نێوەدەوڵەتى و ناخۆیی بەدەستهێناوە بەتایبەت لە فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکان لەگەڵ زانکۆ ڕەسەن و پێشەنگەکانى جیهان و، بەدەستهێنانى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەشە زانستیەکان و، پێشەنگبونى لە ڕێزبەندى نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لەو کار و پرۆژانە کرد، کە لە بوارە جیاوازەکان پێشکەشى کۆمەڵگەیان کردوە، بۆ ئەوەش ڕۆشنایی زیاتر خستە سەر کارو بەرنامەکانیان لە بوارى پەروەردە، بۆ ئەوەش وتى: لە سۆنگەى باوەڕبونمان بە پرۆسەى پەروەردە لە چوارچێوەى کارەکانماندا چەندین خولى جیاوازمان لە بوارە جیاوازەکان بۆ ستافى پەروەردە و مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کردۆتەوە، لە ئێستاشدا خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى پەروەردە لە زانکۆکەمان بەڕێوەدەچێ، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە لە کارو پڕۆژە پەروەردەیی و مرۆییەکانیان بۆ بوارى بەردەوام دەبن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، (جەمال ئەدیب ئەلحسامی) سەرۆکى ڕێکخراوی عەرەبى بۆ پەروەردە ستایشى هەوڵ و کارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: مایەى شانازییە کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ پێگەیاندن و پەروەردەکردنى فێرخوازان، لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک پڕۆژەى مرۆیی لە بوارە جیاکان ئەنجام دەدات و خزمەت بە چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە دەکات، هیواشى خواست بەردەوام بن لەو جۆرە چالاکیانە، چونکە هەموان پێکەوە دەتوانن پەروەردەیەکى بەهێز بونیاد بنێن.
هەر لە میانەى دیدارەکەدا، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەگرنگیەوە باسى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: ئێمە پەیوەندییەکى لە مێژینەمان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر هەیە؛ لە ماوەى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر جگە لەوەى چەندین پڕۆژەى جیاوازى پێشکەش بەسێکتەرى پەروەردە کردوە، لەهەمانکاتدا چەندین بیرۆکەى و پڕۆژەى گرنگ و نایابیان پێشکەش کرد، کە ئەمڕۆ بەشانازییەوە چۆتە بوارى جێبەجێکردن و خزمەتکردن.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەى هەماهەنگی و چۆنیەتى پەرەپێدانى پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەكە کرا.