لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر) دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانكۆی جیهان – ههولێر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا و، زانکۆی نیشتیمانى ئەجلون لە ئوردن، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر) دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (24/4/2024)، بەئامادەبوونى (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر د.خەتاب ئەحمەد مستەفا) نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆک و نوێنەرى هەریەک لە زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا و، زانکۆی نیشتیمانى ئەجلون لە ئوردن و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر) بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد.
بەو بۆنەیەوە؛ سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و میوانان لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق و، سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان، بە بایەخەوە باسى لە توێژینەوەى زانستى کرد و، ڕایگەیاند: ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆجیا زۆر بەخێرایى گەشە دەکات، بەکارهێنانى کۆمپیوتەر و سیستمى ئەلیکترۆنى هەموو کایەکانى ژیانمانى تەنیوە، بەشێوەیەک بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا بۆتە مایەى کارئاسانى لە هەموو بوارەکانى ژیان و ئامرازى سەرەکى سیستمى بەڕێوەبردنى کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت. هەربۆیە بونیاتنانى ژێرخانى ئەلیکترۆنى و ڕێکخستنى داتا و زانیارییەکان بۆتە هەنگاوى بنەڕەتى سەرکەوتنى هەر دامەزراوەیەک و، لە ئەمڕۆدا ئەستەمە بتوانین بەبێ زانستى گەیاندن و تەکنەلۆجیا وێنای وڵاتێک بکەین کە لە سەردەمی مۆدێرندا بە بەهێزى گەشە بکات.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە جیاکانى کۆنفرانسەکە و ئاشکرایکرد، کە بۆ ئەم کۆنفرانسە (٩٤) توێژینەوەی زانستی لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکان لە وڵاتانى جیهان پێشکەش بە لێژنەى زانستى کۆنفرانس کران، لە ئەنجامدا (٢١) توێژینەوەى ڕەتکرایەوە، بەڵام (٧٣) توێژینەوەیان بۆ کۆنفرانس پەسندکران، کە (٢٤) توێژینەوەیان لە لایەن توێژەران لە زانکۆکانى وڵاتانى (بەریتانیا، سوریا، لیبیا، مالیزیا، ئوردن، عومان، هیندستان، ئێران، بەحرەین، تورکیا، ئیمارات، یەمەن) پێشکەش کراون، ئەوانى دیکەش لە زانکۆکانى عێراق، و هەرێمی کوردستان) پێشکەشى کۆنفرانس کران کە هەریەکەیان بەشدارییەکی بەرچاو دەکەن لە پەرەپێدانى زانست لە بوارەکانی ئەندازیاری گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ لایەنە گرنگەکانى دیکەى کۆنفرانسەکە و ڕایگەیاند: بۆ ئەم کۆنفرانسە پێنج وتاردەری سەرەکی (Keynote Speakers) کە لە ئوردن و مالیزیا و بەریتانیا هاتوون و، لە ئاستێکی ناوازەدا بەشدار دەبن. تێڕوانین و شارەزاییەکانیان گفتوگۆکانمان دەوڵەمەندتر دەکەن بۆ دەستنیشانکردنى ڕێگە نوێیەکانی توێژینەوەى زانستى، جگە لەوەش هەر لە پەراوێزى ئەم کۆنفرانسە زانستیەدا؛ دوو وۆرک شۆپی نێودەوڵەتی لەلایەن توێژەرانی بەڕێز لە مالیزیا و ئوردنەوە پێشکەش دەکرێن.
لە کۆتاییدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک سەرۆکى لێژنەى باڵاى کۆنفرانس سوپاس و پێزانینی تایبەتى پێشکەش بە زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا و، زانکۆی نیشتیمانى ئەجلون لە ئوردن کرد، کە لە تەواوى هەنگاوەکانى ڕێکخستن و ئامادەکردنى ئەم کۆنفرانسە هاوکار و هەماهەنگى سەرەکیان بوون، هاوکات سوپاسى دڵسۆزانەى ئاراستەی هەموو بەشداربووان و توێژەران و لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس) کرد، کە بەشدارییان لە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسەدا کردووە.
دواتریش دکتۆر نەوزاد باجر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، هیواى خواست گرنگى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى بدرێ، چونکە وڵاتان و کۆمەڵگەکان تەنها لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى پێشکەوتوون، بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهانى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى کاریگەر دووپاتکردەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە؛ سەرۆکى زانکۆی نیشتیمانى ئەجلون لە ئوردن وتارێکى پێشکەشى کۆنفرانس کرد و، خۆشحاڵى خۆى پیشاندا بە ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانس و هیواى خواست برەوى زیاتر بەو کارى پێکەوە بونە بدرێت، هاوکات وتارى زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا بە شێوەى ڤیدیۆى تۆمار کراو پێشکەشى ئامادەبوانى کۆنفرانس کرا.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا؛ پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بە نوێنەرایەتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبەڕێوەچوونى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر).
پاشان باسى لە گرنگى بەستنى کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند: لە ساڵانی ڕابردوودا بوارەکانی ئەندازیاریی گەیاندن و زانستەکانی کۆمپیوتەر هاوکار و پاڵپشتیکار بوون بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن لە هەموو بوارەکانی تردا لە چاودێری تەندروستیەوە تا گواستنەوە، و لە چارەسەری وزەی بەردەوامەوە تا تۆڕەکانی پەیوەندی جیهانی و سێکتەری کشتوکاڵ و گەشت و گوزار و سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان. واتە بوارەکانی ئەندازیاریی گەیاندن و زانستەکانی کۆمپیوتەر تەنیا نوێنەرایەتی پێشکەوتنە تەکنیکییەکان ناکەن، بەڵکو بەردی بناغەن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی زیرەک و پێشکەوتو. بۆیە لە ئێستادا دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەوەبێت کە ئەم پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایە تێکەڵ بکەین لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندن و بیکەینە پرسە سەرەکییەکانی توێژینەوەکانمان، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە خوێندکاران و توێژەرانمان بەو ئامرازانە تەیار و پڕچەک دەکرێن کە پێویستییان پێیەتی بۆ سەرکەوتن لە جیهانێکی تەواو دیجیتاڵیدا. سەرەڕای ئەمانەش ئەبێت دەرگاکان بخەینە سەرپشت بۆ خوێندن و تێکەڵکردنی زانستە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتری لە لایەک و هەروەها بەستنەوەی زیاتری ئەکادیمیا بە پیشەسازی لەلایەکی ترەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێت هەوڵ بدەین ژینگەیەک بڕەخسێنین کە تیایدا داهێنان لە پۆلەوە بگەیێنینە تاقیگەکان و لە تاقیگەکانیشەوە بیگەیێنینە جیهانی ڕاستەقینە، ڕونیشیکرەوە، کە ئەبێت بەردەوام بین بۆ کاری پێکەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییە ئاست بەرزەکان، ئەم کۆنفرانسانە نمونەیەکی دیارن کە تیایدا توێژەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە پێناو بەدیهێنان و گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، بۆیە ئەم کۆنفرانسانە دیدارێک نییە بەتەنها بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوە بەڵکو بریتییە لە کاری هاوبەش، پەیوەندیکردن لەگەڵ توێژەرە هاوتاکان، و دانانی نەخشەڕێگا بۆ کارەکانی داهاتوو.
دواى پێشکەشکردنى وتارەکان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، واش بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژدا سەرجەم توێژینەوە زانستیەکان لە چوار تەوەر، کە بریتین لە (سیستمی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری پرۆگرامسازى و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان، سیستمی ئەندازیاری گەیاندن، زانستی وێب و، زانیاری کۆمەڵایەتی و زانستی داتا، کۆمپیوتەر و ئاسایشی ئەلیکترۆنی). بخرێنەڕو و، لەلایەن توێژەرانەوە گفتوگۆى زانستیان لەبارەوە بکرێت، ئەوە جگە لە بەڕێوەچوونى دوو وۆرکشۆپ لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا.