لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى لۆدزى پۆڵندى دەستپێکرد.
ئەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠٢٣)، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى وەزیرى خوندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، بریکارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى و، بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و میوانەکان وتى: ئەم کۆنفرانسە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختە ئابوریی و کارگێڕى و داراییە دێت کە جیهان لە سەردەمى مۆدێرنێتە و تەکنەلۆژیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان ڕێگەچارەی کاریگەر و بەردەوام بۆ باشترکردنی ئەدای ئابووری و کارگێڕی دارایی بدۆزینەوە، وتیشى ئەو ئاڵنگاریانەى لەم بوارەدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە، پێویستیان بە وەرگرتنی شێوازی نوێ و داهێنەرانە هەیە بۆ بەڕێوەبردن و پلاندانانی ئابووری، بۆ ئەوەی پەرەپێدانى بەردەوام و گەشەسەندنی ئابووری بەهێز بەدەستبهێنین.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى بە تەوەرە جیاکانى کۆنفرانسە کرد و ئاشکرایکرد: کە ئەو کۆنفرانسە زانستیەیان دابەشکردۆتە سەر پێنچ تەوەرى سەرەکى، کە ڕەنگدانەوەى دۆخى ئابورى و کارگێڕى ئێستا و داهاتوى کۆمەڵگەکانە لە سەردەمى تەکنەلۆژیادا، ئەوانیش بریتین لە (بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ژمێریاری و وردبینی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، بەڕێوەبردنی هاوچەرخ و شێوازی چەندایەتی، سیستمی دارایی و ئابووری دیجیتاڵی، تەوەرى پێنجەمیش تایبەتە بەدیجیتاڵ مارکێتینگ).
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وردەکارییەکانى کۆنفرانسەکەى بەئامادەبوان ڕاگەیاندن و وتى: بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەم کۆنفرانسە، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشوازییەکى گەرمى لێکرا، بەشێوەیەک (63) توێژینەوەى زانستى گەیشتە لێژنەى زانستى کۆنفرانس، دواى هەڵسەنگاندنى زانستى بۆ سەرجەمیان، لە ئەنجامدا (49) توێژینەوەیان بۆ کۆنفرانس پەسند کران و (14)یشیان ڕەتکرانەوە.
ژمارەی توێژینەوە زانستییە پەسندکراوەکان لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و جیهان بەم شێوەیەیە: (10) توێژینەوە لە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان، (24) توێژینەوە لە زانکۆکانى عێراق، لەهەمانکاتدا (15) توێژینەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵندا، تورکیا، قەتەر، ئوردن، قوبرس، سوریا، لوبنان، سودان، لیبیا و جەزائیر) پەسندکراون، ژمارەى قسەکەرانی سەرەکى کۆنفرانسیش (Keynote speakers) بریتین لە چوار پسپۆڕ و شارەزاى بوارەکە، کە لە وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵندا، قوبرس، سودان) بەشداریان لە کۆنفرانسە زانستیەکەماندا کردوە.
سەبارەت بەزانکۆى جیهان-هەولێر و پێگەى لە سەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆىجیهان-هەولێر ڕاگەیاند: لە چوارچێوەى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) خەرمانێک دەسکەوتى زانستى و ئەکادیمى بەدەستهێناوە، بەستنى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە لەگەڵ زانکۆى لۆدزى پۆڵندى هەنگاوێکى پراکتیکیە بەو ئاراستەیە، جگە لەوەش زانکۆکەمان لەبەردەوامى هەوڵە زانستیەکانى بۆ ئەندامبون لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و، بەدەستهێنانى متمانەى ڕێکخراو و، یەکێتیى و کۆمەڵەکانى تایبەت بەخوێندى باڵا لەسەر ئاستە جیاوازەکانى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى، نوێترین دەسکەوتمان ئەندامبونە لە کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU)، ئەم کۆمەڵەیە سەر بەئاژانسى (یونسکۆ)یە و، لەلایەن ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسراو بە(ECOSOC) پێگەی ڕاوێژکاری تایبەتی پێدراوە. ئێستاش بۆتە کۆمەڵەیەکى جیهانی پێشەنگی زانکۆ و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری جیهان.
لە کۆتاییشدا، بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان- هەولێر، د.ئەمجەد سابر دەلۆ هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی کۆنفرانسەکە خواست، جارێکى دیکە ئەو بەڵێنە دوپاتیکردەوەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ هەمیشە وەک ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ دەرگاى بەڕووى زانستخوازان و ئەکادیمیستان کراوە دەبێ لەپێناو چالاککردنی بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاکان .
هەر بەو بۆنەیەوە؛ پرۆفیسۆر دکتۆر تۆماس ئۆریسزیک بە نوێنەرایەتى سەرۆکى زانکۆى لۆدز وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا، سەربارى نرخاندنى گرنگى کۆنفرانسەکە، بەبایەخەوە باسى لە پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆکەکەى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر و ، هەماهەنگیەکانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆ لەگەڵ زانکۆکەیان کرد، بۆ ئەوەش وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە کە لەگەڵ زانکۆیەکى پێشەنگ کۆنفرانسێکى هاوبەش لە بوارى زانستە دارایی و کارگێرییەکان پێکەوە بەڕێوەدەبەین و، تێیدا گفتوگۆ لەبارەى نوێترین گۆڕانکارییە دارایی و کارگێڕییەکان دەکەین، لە کۆتایشدا؛ سوپاسى هەموو ئەو کەس و دامەزراوانە کرد کە لەسەرخستنى کارەکانى ئەو کۆنفرانسەدا هاوکار و هەماهەنگ بوون.
پاشان، د.سەباح ابراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزارەت بەنوێنەرایەتى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا وتى؛ زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەنوێنەرایەتى بەڕێز د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارى لەم کۆنفرانسە پڕ بەهایە دەکەم، چونکە کۆنفرانسەکە پەیوەدییەکى بەهێز دروست لە نێوان مامۆستا و توێژەر و قوتابیانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆیەکى دەرەوە، کە زانکۆى لۆدزى پۆڵندیە دروست دەکات.
ڕاوێکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە پێگەى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى تایبەت لە کوردستان کرد و ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان پێکەیەکى دیار و بایشى هەیە بەتایبەت لە بوارى خوێندنى تایبەت، هەر بەو بۆنەیەوە بەناوى د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان کرد بەبۆنەى ئەندامبون لە کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU)، کە ئێستا کۆمەڵەیەکى جیهانی بەناوبانگە لە بوارى خوێندنی باڵا لە هەموو جیهان، وتیشى ئەم ئەندامبونە نیشانەى ئەوەیە کە زانکۆی جیهان بەرەو بەنێودەوڵەتیبوون دەڕوات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ڕێفۆرمەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، کە کارى لەسەر دەکات بۆ ئەوەى سەرجەم زانکۆکان بتوانن بەنێودەزوڵەتى بکرێن تا تزێژینەوەکانمان هاوتەریب بن لەگەڵ توێژینەوەى زانکۆ ڕەسەن و پێشکەوتوەکانى جیهان.
سەبارەت بەگرنگى کۆنفرانسەکەش، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە دواى ٢٠٠٣ هەرێمى کوردستان ڕوبەڕوى گەڵێک ئاستەنکى ئابورى بوە، بەشێوەیەک ئابورى بووە چەکێک بۆ نەمانى هەرێم و نەمانى وەڵاتەکەمان، بەڵام ئێمە لەو باوەڕداین لە رێگەى دامەزراوە ئەکادیمیەکانى خۆمان دەتوانین ئەو ناخۆش و ئاستەنگانە بکەین بەتوێژینەوە و پێشکەشى حکومەت و دامەزراوە جیاکانى بکەین بۆ ئەوەى بتوانین چۆن و بە چ شێوەیەک گۆڕاناکاری لە ڕوى داراى و ئابورى بکەین بۆ ئەوەى دۆخى هەرێم باشتر بکەین و ئاستەنگەکان تێپەڕێنین، وتیشى لەو ڕوانگەیەوە دڵنیام دەرئەنجامەکانى ئەم کۆنفرانسە دەبنە هەوێنى ئەو پێشنیازانەى کە بتوانین کارى لەسەر بکەین بۆ دۆزینەوەى رێگەى ڕون و باشتر بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە داراییانەى ڕوبەرومان دەبێتەوە.
د.سەباح ئیبراهیم وەیس بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى مەبەستى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و، لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند: بابەتێکى دیکە لە وەزارەتى خوێند باڵا، کە تەئکید لەسەر دەکەینەوە مەبەست لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستیە، چونکە توێژینەوەى زانستى لە بنەڕەتدا بۆ زۆر بوار بەکاردەهێندرێ، بۆ نمونە بەرزکردنەوەى پلەى زانستى، بەڵام ئەوەى بەلاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستیە بۆ مەبەستى خزمەتى کۆمەڵگەى کوردى، واتە دەرئەنجامەکانى بەکاردێن بۆ خزمەتى کۆمەڵگە لە سێکتەرە جیاکان، ئەمەش بایەخ و گرنگى توێژینەوەکان زۆر زیاتر دەکات، چونکە دەبێتە ڕێنیشاندەرێک بۆ چارەسەرکردنى هەر گرفتێک کە ڕوبەڕومان دەبێتەوە.
لە کۆتایی وتەکەشیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاس و دەستخۆش لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایان و توێژەران و زانکۆى لۆدز کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو کۆنفرانسە، هیواشى خواست بەئەنجامى گرنگ کارەکانى کۆنفرانس کۆتایی پێ بێت.
دواى پێشکەشکردنى وتارەکان، کارەنامەى کۆنفرانسەکە دەستپێکرد، واش بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٤٩) توێژینەوە لە ڕێگەى پێنچ تەوەری جیا لەلایەن توێژەران پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش چوار قسەکەری سەرەکى وەک ((Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن.