لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەدەچێ
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا چوارەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەدەبات.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەست بەکارەکانى بکات، تیایدا چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و شارەزایان لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى (بەریتانیا، تورکیا، قەتەر، ئوردن، سوریا، لوبنان، سودان، لیبیا، قوبرس، جەزائیر و پۆڵندا) دەخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، ژمارەیەک توێژینەوەى ئاست بەرز لە بوارەکانى زانستە کارگێڕى و داراییەکان پێشکەش دەکرێ.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژ دەخاێنێت، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس، چەند وتارێک پێشکەش دەکرێت، لەوانە وتارى لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس، وتارى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، وتارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاوە، لەلایەن توێژەرانەوە، مامۆستایان دەست بەپێشکەشکردنى توێژینەوەکان دەکرێت، لە ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا دواى پێشکەشکردن توێژینەوە ڕەسەنەکان، توێژەرانەوە، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە کە بەشدارى کۆنفرانسەکەیان کردوە گفتوگۆی لەبارەوە ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى توێژینەوەکان دەکەن.