لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بەرز ڕاگیرا
بەبۆنەى ڕۆژى ئاڵاى کوردستان، لە زانکۆى جیهان بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان و فێرخوازان و، ژمارەیەک لە میوانان لە گۆڕەپانى زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێک بەڕێوەچوو.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٢/٢٠٢١) مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە لە مامۆستایان و فێرخوازان باسى لە مێژوى ئاڵاى کوردستان کرد و وتى: وەک دەزانین بۆ یەکەمینجار لە مێژودا، لە ڕێکەوتى (١٧/١٢/١٩٤٥) لەشارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکرا، پەڕلەمانى کوردستانیش لە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠٠٩) لەکۆبونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان، دەزگا و دامەزراوە جیاکان مەراسیم و سمینار و چالاکى جۆراو جۆرو بۆ ئەو بۆنە نیشتمیانى و نەتەوەیە ڕێکدەخەن و، ناوهندهكانی خوێندنیش به ئاڵای كوردستان دەڕازێندرێنهوه، ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ ئێمەش لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کوردستان هەموومان پێکەوە ڕاوەستاوین بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەم ڕۆژە، کە تایبەتە بە ئاڵای پیرۆزى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: گەلى کوردستان لەپێناو بەرزڕاگرتنى ئەو ئاڵایە هەزاران شەهید و ئەنفالى لەمێژووى ڕزگاریخوزاى گەلەکەمان بەخشیووە، ڕۆڵەکانیشمان هەمیشە گیانفیدا بووە لەپێناو پاراستنى ئاڵاى کوردستان، ئێستاش لەسایەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان دەیان دەسکەوتمان بەدەستهێناوە، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کارى لەپێشینەى زانکۆ و مامۆستایان و فێرخوازان لە ئێستادا ئەوەیە، کە لەژێر پەرچەمى ئەم ئاڵایە خزمەتى زیاتر پێشکەش بەگەلەکەمان بکەین.
لە کۆتایى وتارەکەیدا، لە ڕۆژى ئاڵادا پیرۆزبایی لە هەر چوار پارچەى کوردستان دەکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەى کە تا ئێستا ناتوانن بەئازادى ئەو یادە بکەنەوە و، ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕابگرن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى لە نێۆجۆش و خرۆشى فێرخوازاندا پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەربارى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە لە فێرخوازان، هانیدان کە پەرە بەتوانا زانستیەکانیان بدەن، تا ئاڵاى کوردستان هەمیشە گەشاوە بێت و، لە ژێر پەرچەمى ئەو ئاڵایەش بتوانن خزمەت پێشکەش بەگەلەکەیان بکەن.
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتەکان، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، میوانانى ئامادەبوو ئاڵاى کوردستان لە گۆڕەپانى زانکۆ بەرز کرایەوە.