لە زانکۆی جیهان – هەولێر حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پڕۆژە نایەبەکانى فێرخوازانى قۆناغى دەستى بە کارەکانى کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٧/٤/٢٠٢٥، حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پڕۆژە نایەبەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی لە بەشە زانستییە جیاوازەکانی زانکۆ لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی زانکۆی جیهان – هەولێر دەستى بە کارەکانى کرد.
لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، کە بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، یاریدەدەران و ڕاگری کۆلێژ و، سەرۆکی بەشەکان و، فێرخوازان بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان بە ساتێک ڕێزگرتن ماتەمینیان بۆ گیانى پاکى شەهیدان نا، پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و وتى: شانازی بەوەوە دەکەین، کە ساڵ بەساڵ ژمارەی توێژینەوە نایابەکانى قۆناغى کۆتایی فێرخوازەکانمان لە زیادبوندان، وتیشى ئەم توێژینەوانە دەرئەنجامی چوار بۆ پێنچ ساڵ هەوڵدان و کۆڵنەدان و خوێندنی جدییە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ ئەو فێرخوازانەى چاویان لە ئایندەیەکى ڕونترە، چونکە ئامادەکردن و ئەنجامدانى توێژینەوەی بەرز هەنگاوێکی گرنگە لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.
هەر لە وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: زانکۆکەمان یەکێکە لەو زانکۆ پێشەنگانەى گرنگی زۆر بە توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاکان دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا توێژینەوەى دەرچونى فێرخوازان پایەکى گرنگى بایەخپێدانەکانمان پێکدەهێنی، باشترین بەڵگەش بۆ ئەو حەوتەمین کۆنفرانسى زانستى پرۆژە نایابەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی لە زانکۆکەمان، مایەى خۆشحاڵیشە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردودا بەشێکى زۆرى ئەو توێژینەوانە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە بەناوبانگ و پێشکەوتووەکانى جیهان بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئەوەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو فێرخوازانە کرد، کە بە توێژینەوەکانیان لەم کۆنفرانسەدا بەشدارییان کردووە، لەهەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی تایبەتى پێشکەشى سەرپەرشتیارانى توێژینەوە و پرۆژە نایابەکانى فێرخوازان کرد، دووپاتیشی کردەوە زانکۆی جیهان – هەولێر دەرگاکانی کراوەیە بۆ سەرجەم فێرخوازانى زانستخواز و توێژەران بەتایبەت ئەوانەى هەوڵی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی یان تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لە بوارە جیاجیاکان هەیە. ڕونیشیکردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر کار بۆ ئەوە دەکات بگاتە ئاستی زانکۆى نێودەوڵەتی و پێشەنگەکان، هەربۆیە بەردەوامە لە ڕەوانەکردنى فێرخوازان بۆ زانکۆ پێشەنگەکانى وڵاتانى جیهان، هەموو ئەمانە بەشێکە لە ئەرکی زانکۆکەیان بۆ ئامادەکردنی نەوەیەک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان لە کەرتە جیاوازەکاندا هەبێت و، خاوەنی توانا و لێهاتوویی زانستی و مەعریفی زۆر دیار بن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ باسى لە خەرمانێک لەو دەسکەوتە زانستیانە کرد، کە زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى و عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، هەروەک باسى لەو تایبەتمەندیانەش کرد، کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارە جیاوازەکان خاوەنیەتى و شانازى پێوە دەکات، لە کۆتایدا دیدگاى و تێڕوانینى زانکۆى لە بوارە جیاوازەکان بۆ ئامادەبوان باسکرد و، هیواشى خواست فێرخوازان دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن لە زانکۆ لە هەوڵە زانستیەکانیان بەردەوام بن بۆ پەرەپێدانى کۆمەڵگە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان لەسەرجەم بوارەکان و، درێژەش بە کاروانى زانست و فێربوون بدەن.
پاشان دکتۆر ئەسما ئەحمەد مستەفا وەک قسەکەرى سەرەکى (keynote speaker ) کۆنفرانس وتارێکی ئیلهامبەخشی بەناونیشانی “لە پۆلەوە بۆ دەستکەوت: گەشتی ئیلهامبەخشی دەرچووی زانکۆی جیهان-هەولێر” پێشکەش کرد. دکتۆر ئەسما ئەحمەد مستەفا لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکەیدا بە وردى باسى لە گەشتە ئەکادیمییە تایبەتیەکەى خۆی کرد و جەختی لەسەر گرنگی کۆڵنەدان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کردەوە، هەروەک سوپاسى زانکۆى جیهان-هەولێریشى کرد، کە لە گەشتە زانستیەکەى هەر لە خوێندنى بەکالۆریۆس تا تەواوکردنى دکتۆرا و دامەزراندنەوەى لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک مامۆستا پاڵپشتى بەردەوامى بووە، پاشانیش دانیشتنەکانی کۆنفڕانس بۆ یەکەم ڕۆژ دەستی پێکرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، لە کۆى (٣٢٩) پڕۆژەى دەرچوونى فێرخوازان، (٦٦) پڕۆژەى دەرچوون لە بوارەکانى زانستە تەندروستییەکان، ئەندازیاری، یاسا، پەروەردە، ڕاگەیاندن و زانستە کارگێڕییەکاندا لەلایەن فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانیانەوە پێشکەش دەکرێ.