لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەبارەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستیی کۆمەڵگە بەڕێوەچوو
بە چاودێری پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، هەردوو بەشی “پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ” و ” شیکارى تاقيگەی پزيشكی ” بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦)، وۆرکشۆپێکی زانستیی نێودەوڵەتییان بە ناونیشانی “کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستیی کۆمەڵگە” لە هۆڵی VIPی زانکۆ بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، توێژەران و پسپۆڕانی بواری ژینگە و تەندروستی بەڕێوەچوو. لە تەوەرەی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئۆشا ڕانی کاندۆلا) بابەتێکی زانستیی بە ناونیشانی “کەشوهەوای گۆڕاو و تەندروستیی گۆڕاو: ئاڵنگارییە نوێیەکانی بەردەم کۆمەڵگەکان” پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارە ژینگەییانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ، وەک نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییە گواستراوەکان لەڕێگەی ئاوەوە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی خۆراک. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە سیستمێکی کارای چاودێریی ژینگەیی و فریاگوزاریی تەندروستی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییانە.
دواتر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (جیا بیۆلا دی) لە تەوەری دووەمدا بە ناونیشانی “بەیەکەوە بەهێزترین: چارەسەرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای تەندروستی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا” بابەتێکى پێشکەش کرد و، تیایدا جەختی لەسەر ڕۆڵی هۆشیاریی تەندروستی و دەستپێشخەرییە هاوبەشەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان و هاندانی خەڵک بۆ پەیڕەوکردنی ڕەفتارە ژینگەییە بەردەوامەکان .
ئەم وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییە بە گفتوگۆیەکی زانستیی چڕ لە نێوان ئامادەبووان کۆتایی هات و، بەشداربوان بەشێوەیەکى کارا گفتوگۆیان لەبارەى چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان و بەتایبەت ژینگە کرد، هەروەک تەئیکدیان لە پێویستى پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەکادیمی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە بوارەکەدا کردەوە.







