لە ڕێگەی کارتی فێرکارییەوە؛ فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی ئەزمونەکانی فێربوونى زمان فێری قوتابیانى قوتابخانەى زانست دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی کارلێکەرییان بۆ فێربوونی ئەزمونەکانی زمانی ئینگلیزی بە بەکارهێنانی کارتی فێرکاری (Flashcards) لە قوتابخانەی زانستی نێودەوڵەتی بۆ قوتابیانی پۆلی دەیەم و یازدەیەم ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (مەروە مەحمود ئەمین) ڕێکخرا و لەلایەن خاتوو (ڕێزان محەمەد ڕەشید) بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا (ئارام خەلیل جەبار) پێشوازییەکی شایستە لە شاندی فێرخوازان کرا. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی زانستی دەستی پێکرد، کە تێیدا فێرخوازانی زانکۆ شیکردنەوەی وردیان بۆ ئەزمونەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو و جۆرەکانی تری کات لە زمانی ئینگلیزیدا کرد. ئامۆژگاری پراکتیکی پێشکەش بە قوتابیان کرا تا بتوانن جیاوازی لە نێوان کاتەکاندا بکەن و بە دروستی لە ناو ڕستەدا بەکاریان بهێنن. فێرخوازان هانی قوتابیانیان دا تا ئەو ئاستەنگییانە بخەنە ڕوو کە لە کاتی بەکارهێنانی ئەزمونەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەکارهێنانی کارتە فێرکارییەکان ڕێگەیەکی چێژبەخش و کاریگەر بوو بۆ چەسپاندنی زانیارییەکان، کە تێیدا قوتابیان مەشقیان لەسەر ئاخافتن لە بارودۆخە جیاوازەکاندا کرد.
قوتابیان لە چەندین بڕگەی جیاوازدا بەشدارییان کرد، لەوانە: “پەیوەستکردنی وشەکان” کە تێیدا قوتابی دەبوو وشەیەک یان دەستەواژەیەک بڵێت کاتێک کارتێکی دەبینی و، پاشان ڕستەی کورتیان بەو کاتەی لەسەر کارتەکە دیاری کرابوو دروست دەکرد. هەروەها، هەندێک کارتی هاندەر دابەش کران کە وتەی ناودارانی تێدا بوو بۆ بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوونی قوتابیان.







