لە کۆڕێکى ئەدەبیدا کتێبى ( دکتۆر نەوزاد باجگر: لە زانکۆی جیهان بمنێژن ) بڵاوکرایەوە
لە کۆڕێکى ئەدەبى فرواندا، لە زانکۆی جیهان-هەولێر کتێبی (دکتۆر نەوزاد باجگر: لە زانکۆی جیهان بمنێژن ) مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی بۆ کرا.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ( ١-٦-٢٠٢٢ ) بەئامادەبونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، مونا قاوەچى سکرتێرى پاڕلەمانى کوردستان و، سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و، بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و، ژمارەیەکی زۆر لە ئەکایمیستان و نوسەران و رۆناکبیران و رۆژنامەنوسان لە کەمپی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ماراسیمێکی ئەدەبی فراواندا کتێبی ( دکتۆر نەوزاد باجگر: لە زانکۆی جیهان بمنێژن ) کە بەرهەمی چاوپێکەونی نوسەر و رۆژنامەنوس ( شێرزاد هەینی )یە ناساندنی بۆ کرا.
کۆڕەکە بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان باسى لە ناوەڕۆکی کتێبەکە و گرنگیەکەی کرد، بۆ ئەوەش هانى مامۆستایان و فێرخوازان و ئەدیبانیدا بنوسن و ئەزمونەکانى ژیانیان بڵاوبکەنەوە، وتیشى مایەى خۆشحاڵێمانە کە گەنجانى کوردستان خاوەن توانا و لێهاتویەکى زۆرن، کە هیچى کەمتر نیە لە توانا و لێهاتویی گەنجێکى یایانى، ئەمریکى یان ئەوروپى، بەڵام گرنگە دەرفەتیان بۆ بڕخسێنن تا بتوانن تواناکانیان پیشان بدەن.
سەبارەت بەکتێبەکەش، دکۆر نەوزاد یەحیا باجگر ڕایگەیاند: ئەم کتێبە بەشێکى کەمە لە ئەزمونى ژیان و سەربوردەى من، بەڵام وەک لە کتێبەکەشدا باسم کردوە، ئەگەر مردم و گۆڕم بەقسمەت بوول ە زانکۆى جیهان بمنێژن، چونکە زانکۆ شوێنى مەعریفە و زانینە، ئەخواز لە مردنیشدا هەر لەناو زانین و فێربوندا بم، سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتى: میللەتان تەنها بەزانین پێش دەکەون، منیش خۆشحاڵم کە زانکۆى جیهان بۆتە مەڵبەندێک بۆ پێگەیاندنى هەزاران گەجى بە توانا بۆ کۆمەڵگەکەمان.
پاشان کورتە فیلمێک لەبارەى ژیان و بەسەربردنى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، کە لەلایەن تەلەفزیۆنى جیهان ئامادەکرابوو، نمایش کرا.
لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆڕە ئەدەبیدا، (شێرزاد هەینى) کە ئامادەکار و نوسەرى کتێبی ( دکتۆر نەوزاد باجگر: لە زانکۆی جیهان بمنێژن )ە باسى لە چۆنیەتى گەڵاڵەکردن و ئامادەکردنى کتێبەکە کرد و، ڕایگەیاند: لەم کارمدا جیاواز لەوانى پێشوتر بەستایلێکى دیکە کارمکردوە، وتیشى چاوپێکەوتەکان لەگەڵ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بەزۆرى لە زانکۆى جیهان ئەنجامم داوە، مایەى خۆشحاڵیشە کە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر پێش چاپکردنى دووجار بەتەواوى ڕەشنوسى کتێبەکەدا چۆتەوە.
لەبارەى ناوەڕۆکى کتێبەکەش، شێرزاد هەینى وتى: نەوزاد یەحیا باجگر لەم کتێبەیدا باسى زۆربەى وێستگەکانى ژیانى کردوە، باسى لاپەڕەیەکى دیکەى گرنگى شارى هەولێر و گەڕەکەکانى هەولێر و زانکۆى جیهان و، چەندین بابەتى دیکەى گرنگى کردوە، وتیشى هەڵدانەوەى ئەم لاپەڕانەى مێژوى هەولێر جگە لە تۆمارکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنى لەهەمانکاتدا دەبێتە سەرچاوەیەکى مێژویی بۆ توێژەران و پسپۆڕان بەتایبەت ئەوانەى لە مێژوى هەولێر دەکۆڵنەوە، خۆشحاڵى خۆشیى پیشاندا، کە بنەماڵەى حاجى یەحیا باجگر لە پاڵ کارى بازرگانى و دامەزراندنى زانکۆى جیهان لە گەڕەکى میشاوەى هەولێر لە ئێستادا بایەخ بەوەرزش و ئەدەب و هونەر و نوسین-یش دەدەن، پێشنیازیشى کرد خەڵاتێکى ساڵانە بەناوى (باجگر) دروست بکەن و، پێشکەشى ئەو کەسانەى بکەن لە بوارى جیاوازەکان خزمەت دەکەن.
پاشان هونەرمەند ماهیر محەمەدئەمین بەگێڕانەوەى چەند بیرەوەریەکى خۆیی و باوکى لەگەڵ بنەماڵەى حاجى یەحیا و، پێشکەشکردنى چەند گۆرانیەک کۆڕەکەى دەوڵەمەند و جوانتر کرد.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، مەراسیمى دابەشکردن و ئیمزاکردنى ( دکتۆر نەوزاد باجگر: لە زانکۆی جیهان بمنێژن ) بەسەر ئامادەبووان لەلایەن دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر و، شێرزاد هەینى بەڕێوەچوو.