لە یارییەکی دۆستانەدا؛ تیپی فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار و زانکۆی کاسۆلیک ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١٥/٢/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی کاسۆلیک لە هەولێر، یارییەکی تۆپی پێی دۆستانەی لە یاریگای زانکۆی کاسۆلیک ڕێکخست. ئەم چالاکییە وەرزشییە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی کەشێکی دۆستانە لە نێوان فێرخوازانی هەردوو دامەزراوە ئەکادیمییەکەدا ئەنجامدرا.
تیپی فێرخوازانی کارگێڕی کار لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) سەرپەرشتی دەکرا و لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی یارییەکە، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (غەیس ئەلعەبدوڵا) یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆی کاسۆلیک پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. یارییەکە لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و بە هاندانی فێرخوازانی هەردوو لا بەڕێوەچوو، کە تێیدا یاریزانان ئاستێکی بەرزیان نیشان دا و چەندین هێرشی سەرنجڕاکێشیان کردە سەر گۆڵی یەکتر. یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوونی هەردوو تیپ بە ٤ گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتایی هات، کە جیا لە لایەنە وەرزشییەکەی، بووە مایەی دروستکردنی پەیوەندییەکی دۆستانە لە نێوان فێرخوازانی هەردوو زانکۆکەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر غەیس ئەلعەبدوڵا و مامۆستای سەرپەرشتیار هێڤی محەمەد قادر، پیرۆزباییان لە یاریزانانی هەردوو تیپ کرد بۆ ئەو ڕۆحە وەرزشییەی کە نیشانیان دا و هیوایان خواست ئەم جۆرە چالاکییە هاوبەشانە لە داهاتوودا بەردەوام بن.







