وۆرک شۆپێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى (Lodz)ى پۆڵندى بەڕێوەچوو
بۆ تیشکخستنە سەر گۆڕانکارییەکانى بوارى خوێندن و توێژینەوەى زانستى و، سوودوەرگرتنى فێرخوازان لە ئەزمونى وڵاتان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى (Lodz)ى پۆڵندى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بەناونیشانى “کێشەی زانکۆ و کۆلێژەکان – ئاراستەکان بەرەو هاوکاری جیهانی نێوان زانکۆکان” لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکانى زانکۆ و، ستافى زانستى و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا پرۆفیسۆر ڕافال ماتێرا بابەتێکى پێشکەشکرد و، تیایدا باسی لەو ئاڵنگاریانە کرد کە لە ئێستادا ڕووبەڕووى زانکۆکان دەبنەوە بەتایبەت لە بابەتى توێژینەوەى زانستى و پەرەپێدانى توانا و کارامەیی فێرخوازان، لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەى بۆ فێرخوازان خستەڕوو بۆ شێوازەکانى فێربوونی سەردەمیانە و هاوسەنگ بوون لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای زانستدا و تەکنەلۆژیا و بازاڕى کار.
لەکاتێکدا بەشی دووەمى ورکشۆپەکە لەلایەن پرۆفیسۆر (تۆماس ئۆریسیک)ەوە پێشکەشکرا، لە میانەى خستنەڕووى بابەتەکەیدا تیشکى خستەسەر چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی دۆخی ئابووری جیهانی لەسەر وڵاتان بەگشتی و لەسەر زانکۆکان بەتایبەتی کرد، هەروەها باسى لە کارنامەى زانکۆکان کرد بۆ چۆنیەتى پەرەپێدانى تواناکانیان لە پێناو دوورکەوتنەوە لەو کێشە و گرفتانەى ڕووبەڕووى دۆخى زانکۆکان دەبنەوە.
وۆرکشۆپەکە بەگفتوگۆى نێوان مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، لەگەڵ مامۆستایانى زانکۆى میوان کۆتایی پێهات.