وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق بڕوانامەى ڕێزلێنان پێشکەش بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
لە بەرانبەر بەشداریکردنى کاراییان لە خولى یەکەمی پیشانگە و کۆنفرانسی پەروەردەی نێودەوڵەتی عێراق، نەعیم العبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقى بڕوانامەى ڕێزلێنان پێشکەش بە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە ڕۆژانى (١٦ تا ١٩/٩/٢٠٢٣) خولى یەکەمى پیشانگە و کۆنفرانسی پەروەردەی نێودەوڵەتی عێراق بە دروشمى (داهێنانى پەروەردە….داهاتوو)، لە هۆڵى پیشانگەى نێودەوڵەتى بەغداد بەڕێوەچوو، کە تیایدا چەندین زانکۆ و دامەزراوەى زانستى و پەروەردەیی لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی بەشداریان تێدا کردوە، زانکۆى جیهان-هەولێریش وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و تایبەت بەشداریەکى کاراى لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پیشانگەکەدا کرد و، ڕۆژانە بەدەیان فێرخواز و مامۆستا و توێژەر و لێپرسراوان و هاوڵاتیان سەردانى بەشى (BE4)ى تایبەت بە زانکۆى جیهان-هەولێریان دەکرد و، گفتوگۆیان لەبارەى پرۆگرام و کار و چالاکیەکان و پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لەو چوارچێوەیەدا؛ نەعیم العبودی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى ڕێز و سوپاس پێشکەشى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ زانکۆکەش خواستوە.