وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایش و پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە نوسراوێک پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات، کە لە نوێترین وەشانى وێبسایتى ( (WorldScientist and University Ranking-AD Scientific Inde پلەى یەکەمى لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە.
لەو بارەیەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنوسراوى ژمارە (٥٢٢٨)، کە لە ڕێکەوتى (٢٧/٣/٢٠٢٣) بە ئیمزاى پڕۆفیسۆر دکتۆر محمد حسین سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى ئاراستەى نوسینگەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێری کردوە، دەستخۆشى و پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە، ” لە دواین ڕاپۆرتى (AD Scientific Index) زانکۆى جیهان-هەولێر لە پلەى یەکەم دێت لە زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ڕووى (Citation) و (h-index)، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشى خۆمان ئاراستەى زانکۆ بەڕێزەکەتان دەکەین”.
هەر لە نوسراوەکەیدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواستوە زانکۆى جیهان-هەولێر بەگڕوتینى زیاترەوە بەردەوامى بەکارە ئەکادیمى و زانستیەکانتان بدەن و، لە داهاتودا پلەى بەرزتر لەسەرجەم ڕیزبەندیە جیهانیەکان باوەڕپێکراوەکان بەدەست بهێنن و، ببن بەبەشێکى گرنگ لە بەرەوپێشبردنى زیاترى ڕەوتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان”.
لە نوێترین وەشانى وێبسایتى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index)، شیکارى بۆ (20506) زانکۆ و پەیمانگە و، (1.343.071) زانا لە (217) وڵاتانى جیهان کردوە، بەپشت بەستن بە بەکارهێنانی جەند پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنى دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و ستافی ئەکادیمی؛ لەوانە ئاستی توانا و لێهاتووی ستافی ئەکادیمی زانکۆکان و توانای بەرهەمهێنانی زانستی زانکۆکان و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى کاریگەر.
وێبسایتەکە؛ دواى ئەوەى شیکارى تەواوى بۆ داتاى زانکۆکانى کردوە، دەرکەوت زانکۆى جیهان-هەولێر، جگە لەوەى لەسەر ئاستى جیهان بەرەوپێشچونێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینوە، ئەوەش بەهۆی بوونی ستافی کارا و بەرهەمهێنەر، بەو هۆیەوە زانکۆى جیهان-هەولێر و لەسەر ئاستى زانکۆ و زانایانى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەو شیکاری و وەشانە نوێیەدا توانى پلەى یەکەم تۆمار بکات.