پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ تاوتوێى ڕەوانەکردنى فێرخوازان و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ زانکۆى لۆدز دەکات
لە درێژەى چالاکی و سەردانەکانیان هەر لە زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا، شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەندامیەتى هەریەک لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر ساڵح زێبارى بەڕێوەبەرى ئۆفیسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕافال ماتێرا (Prof. Dr. Rafal Matera) ڕاگرى فاکەڵتى ئابورى و کۆمەڵناسى (Dean of the Faculty of Economics and Sociology) کۆبونەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕیکەوتى (٩/٥/٢٠٢٣) بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێز و سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە ڕاگرى فاکەڵتى ئابورى و کۆمەڵناسى زانکۆى لۆدز کرد، لە بەرامبەر بەشداریکردنى کاریگەریان لە چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بۆ زانستە کارگێڕى و داراییەکان، کە لە کۆتایی مانگى ڕابردوو لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر تۆماس ئوریدزکی (Prof. Dr. Tomasz Urydzek) یاریدەدەرى ڕاگرى فاکەڵتى بۆ کاروبارى فێرخوازان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر پیۆتر گابرێلچاک (Prof. Dr. Piotr Gabrielczak ) یاریدەدەرى ڕاگرى فاکەڵتى بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى وردەکارى چۆنیەتى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى لۆدز کرا.
بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا بەوردى باسیان لە هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەکە کرد، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى بەکۆلێژى زانستە کارگێڕى و داراییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، فاکەڵتى ئابورى و کۆمەڵناسى زانکۆى لۆدز هەیە، لەوانەش ڕەوانەکردنى (٢٥) فێرخوازى زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەردانیکردنى ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەمەبەستى وانەوتنەوە لەو فاکەڵتیە.
لە کۆتایشدا؛ باس لە چەندین بابەت و تەوەرى دیکەى هاوبەشى نێوانیان کرا، لاى خۆیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ەمجەد سابر دەلۆ پاڵپشتى تەواوى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ سەرخستنى کارەکان دووپاتکردەوە