پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى پالاسکى چیکى کرد
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١١/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى پالاسکى (Palacky University Olomouc) چیکى بەسەرۆکایەتى دکتۆر پاڤێڵ سپرۆڤ (Pavel Spirov) کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر ساڵح مستەفا زێبارى بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆ ئامادەیبوون گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى زانستى جێى بایەخى نێوانیان کرا.
لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى تیشکى خستە سەر زانکۆى جیهان-هەولێر، بەتایبەت ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، لەگەڵ ئاماژەکردن بەو ڕێککەوتنامە هاوبەشانەى کە لەگەڵ زانکۆکان بەگشتى و زانکۆکانى پۆڵندا بەتایبەت هەیانە، کە بەهۆیەوە توانراوە چەندین کارى زانستى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و مامۆستایان ئەنجام بدەن، هیواشى خواست لەگەڵ زانکۆى پالاسکى چیکى هەنگاوى هاوشێوە دەست پێ بکەن بۆ خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست، بۆ ئەوەش پێشنیازى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەشى نێوان هەردوو زانکۆکەى کرد.
لە بەرانبەردا، سەرۆکى شاندى زانکۆى چالاسکى چیکى خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە نیشاندا و، جەختى لە پێویستى هەماهەنگى زانستى نێوان زانکۆکان کردەوە، لە پێناو سوود وەرگرتن لە ئەزمونى زانستى یەکتر بۆ کارکردن لە بوار و پسپۆڕییە جیاکان.
لە تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکاندا، چەند بابەت و پرسێکى جێى بایەخى نێوان هەردوو زانکۆ تاوتوێ کران، بەتایبەت چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە بەرنامەى ئیراسمۆس پڵەس و، هەماهەنگیکردنى بۆ کردنەوەى بەشى ئەندازیارى نەوت لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بەخشینى بڕوانامەى هاوبەشى زانکۆى پالاسکى و زانکۆى جیهان-هەولێر بە دەرچوان، هەروەک پێویستى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەک بۆ دیاریکردنى نەخشەڕێى پێکەوەکارکردن تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو، کە هەردولا وەک پێویستیەکى هەنوکەیی جەختیان لەسەر کردەوە.