پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا-ى تورکیا چەند پرسێکى گرنگ تاوتوێ دەکات
لە بەردەوامى دیدار و کۆبونەوە گرنگەکانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەراوێزى چوارەمین کۆنفرانسى زانستى بۆ خوێندنی باڵا کە لە زانکۆی ئەستەنبوڵ ئایدین لە تورکیا بەڕێوەدەچێ، دیدارێکى گرنگى لەگەڵ ئەرول ئۆزباش (Erol Özvar) سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا لە تورکیا کە بە یۆک (YOK) ناسراوە ئەنجامدا و چەند پرسێکى جێی بایەخى نێوانیان تاوتوێ کرد.
بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر داواى کرد ئەنجومەنى خوێندنى باڵا لە تورکیا، کە گەورەترین دەسەڵاتى خوێندنى باڵایە لە تورکیا، کارئاسانى بۆ زانکۆکانى تورکیا بکەن بۆ ئاڵوگۆڕى ستافى مامۆستایان و فێرخوازان و، هەماهەنگى زانستى لە بوارى خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت، وتیشى بۆ زانکۆکانمان بتوانین لە چوارچێوەى بەرنامەى ئیراسمۆس پڵەس فێرخواز بۆ وڵاتانى ئەوروپا ڕەوانە دەکەین، بەڵام نەتوانین بۆ زانکۆکانى توکیا فێرخواز ڕەوانە یەکەین، بۆ ئەوەش داواى کرد دەرگایان کراوە بێت، کە ئەوەش پێویستى بە بڕیارێکى ناوەندى (یۆک) هەیە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕاگەیاند: زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت دەرگاى کراوەیە بە ڕوى فێرخوازان و مامۆستایانى زانکۆکانى تورکیا، وتیشى وەک چۆن لە بوارەکانى دیکە پەیوەندییەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا بەهێزە، پێویستە لە بوارى خوێندنى باڵا بە هەموو لایەنەکانى توێژینەوەى زانستى، کۆنفرانس، ئاڵوگۆڕى مامۆستا و فێرخوازان بەهێز بکرێت، چونکە لە نێوان هەردوولا خاڵى هاوبەش زۆرە، جگە لەوەش هەرێمى کوردستان نزیکترین خاڵە بۆ تورکیا، لە کۆتایشدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هیواى خواست وەک چۆن لە بوارى ئابورى و بازرگانى و هونەرى پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیادا هەیە، بەهەمان شێوە لە بوارى خوێندنى باڵا-ش ئەو هەماهەنگیە لەو ئاستەدا بێت.
لەگەڵ ئەرول ئۆزباش (Erol Özvar) سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا لە تورکیا خۆشحاڵى خۆى بەو دیدارە دەربڕى و، سوپاسى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ خستنەڕوى ئەو سەرەنج و تێبینیانە، بەڵێنیشیدا هەموو ئەو سەرەنج و تێبینیانە بەهەند وەربگرێت و کارى لەسەر بکات و، بە زوترین کات پەیوەندییەکان پتەوتر و بەهێزتر بکات.