پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پیرۆزبایی یەکەمبوونى زانکۆ لە مامۆستایان و فێرخوازان دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەیامێکدا بە بۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەمى زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێبساینس (WoS: Clarivate Analytics) بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (2019-2023)، پیرۆزبایی لە مامۆستایان و فێرخوازان دەکات، ئەوەش دەقەکەیەتى…
بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ…
مامۆستایان و توێژەرانى قەدرگران..
کارمەندانى ئازیز و فێرخوازانى خۆشەویست..
وەک دەزانن، ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (2024/5/31) نوێترین وەشانى ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێبساینس (WoS: Clarivate Analytics) بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (2019-2023) بڵاکرایەوە و، زانکۆکەتان توانیویەتى بۆ جارێکى دیکە پلەى یەکەم لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەست بهێنێت، ئەوە جگە لە چەندین دەسکەوتى دیکە کە وردەکارییەکانى لە ڕیزبەندییەکەدا ئاماژەى بۆ کراوە، هاوکات لەم ڕیزبەندییەدا بەراورد بە ڕیزبەندییەکانى پێشوو، سەربارى ئەوەى زانکۆکەمان هەر لە پلەى یەکەمدا ماوەتەوە، لە تۆمارکردنى ژمارەى بەڵگەنامە لە (WoS-indexed) و، ژمارەى سایتەیشن (Citations)ەکان زۆر زیادى کردوە، ئەو دەسکەوتەش دەگەڕێتەوە بۆ ستافى زانکۆ، کە هەریەکتان شانازى ئەو دەسکەوتەتان پێ دەبڕێ..
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەم و، دەستخۆش لە هەموو ئەو مامۆستا و توێژەر و کارمەندانە دەکەم، کە خەمیان پێشخستنى زانکۆ و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فێرخوازان و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگەکەمانە.
دوبارە پیرۆزبایتان لێ دەکەم و، کاروانى داهاتوى زانستیتان ڕونتر بێت..
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر