پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر) ، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاز کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٤-٢٥/٤/٢٠٢٤)؛ بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، زانكۆی جیهان – ههولێر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا و، زانکۆی نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن و، بەئامادبوونى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر)یان بەڕێوەبرد و، بە خستنەڕووى کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاز؛ کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (٧٣) توێژینەوە لەبە ڕۆشنایی چوار تەوەرى جیاواز، کە بریتیبوون لە (سیستمی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری پرۆگرامسازى و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان، سیستمی ئەندازیاری گەیاندن، زانستی وێب و، زانیاری کۆمەڵایەتی و زانستی داتا، کۆمپیوتەر و ئاسایشی ئەلیکترۆنی) لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراقى و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکان، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
هەر لە میانەى دوو ڕۆژەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا پێنج وتاردەری سەرەکی (Keynote Speakers) کە لە ئوردن و مالیزیا و بەریتانیا هاتوون و، لە ئاستێکی ناوازەدا بەشداریان کرد و تێڕوانین و شارەزاییەکانیان گفتوگۆکانیان دەوڵەمەندتر دەکەن بۆ دەستنیشانکردنى ڕێگە نوێیەکانی توێژینەوەى زانستى، جگە لەوەش هەر لە پەراوێزى ئەم کۆنفرانسە زانستیەدا؛ دوو وۆرک شۆپی نێودەوڵەتی لەلایەن توێژەران لە مالیزیا و ئوردنەوە پێشکەشکران.
ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٥/٤/٢٠٢٤)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری نمایش کرا، کە تایبەت بوو بە بەڕێوەچوون و دانیشتنەکانی ڕۆژانى کۆنفرانس. دواتر دکتۆر هیشام جەواد ئەحمەد مامۆستا لە بەشی ئەندازیارى پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان – هەولێر، دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندەوە، کە چەندین خاڵى جیاوازى لە بوارەکانى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەرى لە خۆگرتبوو.
پاشان؛ پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بە گرنگیەوە ئاماژەى بە تەوەرەکانى کۆنفرانس و ناوەڕۆکى توێژینەوەکان کرد و، وتى: ئەم کۆنفرانسە بە ڕێڕەوە زانستییە جیاوازەکانییەوە، لایەنێکى بەرچاو لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دیاری دەکات، بەتایبەتی لە بوارەکانى زیرەکی دەستکرد و ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ڕاشیگەیاند: ئەم کۆنفرانسە زانستیە سەرکەوتووانە توانى ئامانجە گشتییەکانی خۆی و ئامانجە تایبەتەکانی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە هەموو سێکتەرەکانیدا بەدەستهێنا. دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە کارپێکراو و جێی سەرنجن، چونکە هەوڵدەدەن خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، وتیشى ئامادەبوونی توێژەران و وتاردەرانی سەرەکی لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی بەنرخی بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و فیکری ڕەخساندووە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشیکردەوە کۆنفرانسەکە بە ڕێکخستنی دوو وۆرک شۆپی گرنگ لە بواری تایبەتمەنددا جیاواز بوو لە کۆنفرانسەکانى دیکە، جگە لەوەش ئەنجامی کۆنفرانسەکە بەڕاستی جێی سەرنج و دەستخۆشیە، کۆنفرانسیش بە ئامادەبوونی هەمەچەشنی وڵاتانی جۆراوجۆر و زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان تایبەتمەند بوو، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە، کە بەرهەمێکى دیکەى کۆنفرانس واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوو لەگەڵ زانکۆی نیشتمانی عەجلون- ئوردن. ئەم یاداشتە ئاماژەیە بۆ هەنگاوێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان هەردوو زانکۆکە.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، سوپاسى تایبەتى هەریەک زانکۆى ئیسلامى نێودەوڵەتى لە مالیزیا و، زانکۆی نیشتیمانى عەجلون لە ئوردن کرد، هاوکات سوپاسى سەرجەم توێژەرانى کرد، کە بە توێژینەوە بە نرخ و ڕەسەنەکانیان لە ڕێگەى دورە هاتن و بەشدارى کۆنفرانسەکەیان کرد، لەهەمان کاتدا سوپاسى ڕێکخەران و سەرجەم لێژنەکانى کرد.
لە بەشى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بڕوانامەى بەشداربوونى بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکەدا دابەش کرد و پیرۆزبایی لێکردن، بەو شێوەیە کۆتایی بە بەکارەکانى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستى نێودەوڵەتی لە بوارەکانى (ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر) هات، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.