پەیامى پیرۆزبایی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەبۆنەى پێشەنگبونى زانکۆى جیهان-هەولێر
زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندی زانکۆکانی عەرەبى، کە لەلایەن (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) بۆ (796) زانکۆ لەسەر ئاستى (٢١) وڵاتى عەرەبى لە مانگى نۆڤێمبەر بڵاوى کردۆتەوە، زانکۆى جیهان هەولێر لە پلەى یەکەمى زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان هاتووە.
بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر پەیامێکى پیرۆزبایی ئاراستەى سەرجەم مامۆستایان و فێرخوازان و ستافی کارگێڕى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ بەدەستهێنانى ئەم دەستکەوتە زانستییە بەرزە، ئەمەى خوارەوە دەقى پیرۆزبایەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئازیزان …
ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ
مامۆستایانى بەڕیز، فێرخوازانى خۆشەویست
ستافی کارگێڕی زانکۆ
ئەمڕۆ، بە خۆشحاڵییەوە جارێکى دیکە، زانکۆکەتان، بە هەوڵ و توانای مامۆستایان و توێژەرانی ئازیز، لە نوێترین وەشانى ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتانى عەرەبى، کە لەلایەن (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) بڵاوکراوەتەوە توانیویەتى پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانایان و، لەسەر ئاستى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار بکات.
بەم بۆنە تایبەتە پیرۆزبایی لە سەرجەم دەرچوانى زانکۆکەمان و، فێرخوازان و، مامۆستایان و توێژەران و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆکەمان دەکەم، لێرەدا هەوڵە بەرهەمدار و بە نرخەکانى مامۆستایان و توێژەران و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ بەرز ڕادەگرم و، سوپاسی هەمووتان دەکەم، چونکە هەوڵەکانى ئێوە زانکۆکەمانی کردۆتە پێشەنگی زانکۆ ناوخۆیی و عێراق و هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەى لە ڕیزبەندییە جیهانیەکان بەگشتى و ڕیزبەندى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) بۆ زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبى بڵاوکراوەتەوە.
هەر لەم بۆنەیەدا، پیرۆزبایی و سوپاسێکى تایبەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی پسپۆڕى کیمیا و مامۆستا لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس دەکەم، کە جارێکى دیکە وەک باشترین زانای عێراق و هەرێمى کوردستان لە پلەى یەکەم لەسەر ئاستى هەموو پسپۆڕییەکان لەم وەشانە نوێیەى ریزەندیەکەدا دیاریکراوە، هەروەها پیرۆزبایی لە پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا پسپۆڕى بایۆلۆجى و، مامۆستا لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى دەکەم، کە لەهەمان ڕیزبەندى لە پلەى چوارەمدا دیاریکراوە.
لە کۆتایدا، جارێکی تر وەک سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان – هەولێر پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ مامۆستایان و توێژەران و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ بۆ هەنگاوە زانستیەکانتان دوپات دەکەینەوە، چونکە ناو و پێگەى زانکۆکەتان شایستەی ئەم جۆرە دەستکەوتە زانستیە ڕاستەقینانەیە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی
سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر
22/11/2022