پەیامی سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر، بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز
بەبۆنەی هاتنەوەى جەژنی نەورۆز و ساڵى نوێى کوردى، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازانى زانکۆ دەکات، ئەمەش دەقى پیرۆزباییەکەیەتى:
مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازانى خۆشەویست
بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی، بە ناوی خۆمان و ئەنجومەنى زانکۆى جیهان-هەولێر، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوەى بەڕێز دەکەین، هیوادارین هەموو ساڵ و هەموو كاتێكتان خۆشی وبەختەوەری بێت.
هەروەک دەزانن نەورۆز هەڵگری پەیامی ژیان و هیواكان و ئازادیخوازییە و ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ زوڵم و چەوساندنەوە، لەهەمان کاتدا بەماناى نوێبونەوەی سرووشت و ڕۆژێکی نوێ دێت، بۆیە ئێمەش لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەموو ڕۆژێک بە ئومێدەوە کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی دروشمی سەرەکی زانکۆمان کە بریتی یە لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ فێرخوازانمان بەتایبەتى و کۆمەڵگەکەمان بەگشتى.
دووبارە نەورۆزتان پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پڕۆفسیۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
20/3/2023