پەیامێکی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2025-2024
بە بۆنەى دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندنى ئەکادیمى (2025-2024)، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پەیامێکى بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتى:
مامۆستایانى بەڕێز…فێرخوازانى خۆشەویست
بەبۆنەى دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمى (2025-2024)، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەم، ئەخوازم ئەمساڵ نەک تەنها درێژەپێدەری کاروان و کوششە زانستیەکانى ساڵانى ڕابردومان بین، بەڵکو دەبێ کارى زیاتر بکەین بۆ ئەوەى زانکۆکەمان وەک چرایەکی زانین و پێشکەوتن بەدروشاوەیی لە کۆمەڵگەى ئەکادیمى بمێنێتەوە و وڵاتەکەمان زیاتر ئاوەدان بکاتەوە.
هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو فێرخوازانەى زانکۆکەمان دەکەم، کە ساڵى ڕابردوو شەونخونیان کرد و، توانيان قۆناغێکى خوێندن بەسەرکەوتویی تەواو بکەن و، ئەنجامى دڵخۆشکەر بۆ خۆیان و خێزان و زانکۆکەیان تۆمار بکەن، گرنگە ئەمساڵیش قووڵتر بچنە ناو خوێندنەکەیان، بیرۆکەی نوێ گەڵاڵە بکەن و، سوودی تەواو لە سەرچاوە زانستیەکان وەربگرن و، بەدوای پەیوەندییەکی ماناداردا و ئامانجە ئەکادیمی و کەسییەکانیاندا بگەڕێن. مامۆستایان و ستافى زانستى و توێژەرانیش کە پایەی سەرکەوتنەکانمانن، بە گرنگیەوە لە ڕۆڵی ئێوە لە داڕشتن و فراوانکردنى هزرى فێرخوازان و پێشخستنی سنوورەکانی زانست دەڕوانین.
بههيوام ساڵی نوێى خوێندن بۆ مامۆستايان و فێرخوازانى زانکۆکەمان؛ ساڵێكی پڕ لە دەسکەوتى زانستى بێت بەجۆرێک؛ هەموومان شانازى پێوە بکەین، هەربۆیە ئێمهش له سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پرۆژە و بەرنامەى نوێ له ههوڵهكانمان بۆ بهرهوپێشبردنی ئاستى زانستى و، دهستهبهركردن ژینگەیەکى لەبار ترى خوێندن لەزانکۆکەمان و پاڵپشتیکردنى ئێوە؛ بەردەوام دەبین.
دووبارە ساڵی نوێى خوێندنى (2025-2024) لە هەمووان پیرۆز بێت …
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر