ژمارەیەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنان دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى شارستانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە خولێکى ڕاهێنان کرد، کە لەلایەن کۆمپانیاى (کناوف)ى ئەڵمانى ڕێکخرابوو.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، فێرخوازان ڕۆژانە بۆ ماوەى (٤) کاتژمێر لەلایەن بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنانیان پێدەکرا، لە کۆتایی خولەکەشدا بڕوانامەى بەشداریکردن و دەرچوون لەلایەن کۆمپانیاکە بەسەر فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دابەشکرا.
بەشداریکردنى فێرخوازان لەو خولەدا لە چوارچێوەى ڕێنمایی و ڕاسپاردە و پاڵپشتیە بەردەوامەکانى دکتۆر ناسح قادر سەرۆکى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر دێ لە پێناو بەرزکردنەوەى توانا و لێهاتوویی فێرخوازان تا باشتر بتوانن شارەزاى بازاڕ و ژینگەى کارى داهاتویان بن، لە بەرامبەردا فێرخوازان سوپاسى زانکۆى جیهان-هەولێر و کۆمپانیاکەیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ پەرەپێدانی کارامەییان بەرەو ئاسۆی کاری ئەندازیاری.
کۆمپانیاکە(کناوف)ى ئەڵمانى لە ساڵی ١٩٣٢ دامەزراوە و بەیەکێک لە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانی تەختەی کەرەستەی بیناسازی بەناوبانگە، هەروەها کەرەستە و پێداویستیەکانى ڕوپۆشکردن بەشوشە و بەردە بەرهەم دەهێنن.