کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە گرنگیەوە پەیامێک لەبارەى بەشداریی چالاکانەی شاندى باڵای خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی جیهانی NAFSA 2025: بڵاوکردەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک ئەندامى شاندێکی باڵای خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى کرد و، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە کارەکانی کۆنفرانسی ساڵانە و پێشانگەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان (NAFSA 2025)، کە لە شاری سانتیاگۆ، کالیفۆڕنیا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسە بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە جیهاندا دادەنرێت.
لەمبارەیەوە، کۆنسوڵگەری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگی لە پێگەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوکردەوە و تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسە جیهانییەدا. کۆنسوڵگەرىەکە ئاماژەی بەوەدا کە NAFSA، وەک گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندن، یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی خوێندنی باڵای هەرێم و زانکۆ و کۆلێژەکانی ئەمریکا، بە ئامانجی تاوتوێکردنی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە داهاتوودا. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گرنگیی ئەم بەشدارییە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە میانی کارەکانی ئەم کۆنفرانسەدا، شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە گشتی و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەتایبەتی، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا. ئەو دیدارانە لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی NAFSA و نوێنەرانی ژمارەیەک لە زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا، عەرەبی و ئاسیا بوون.
تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان چڕکرابووەوە لەسەر چۆنیەتیی پشتیوانیکردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی خوێندن و پەرەپێدانی تواناکان، بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و فێرخوازان لە نێوان زانکۆکان و، دەستەبەرکردنی ژمارەیەک سکۆلەرشیپی گرنگ بۆ فێرخوازان و دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر. ئەم دیدار و کۆبوونەوانە بوونە وێستگەیەکى گرنگ بۆ دامەزراندنی بناغەیەکی پتەو بۆ هاوکاریی درێژخایەن و بەدەستهێنانی دەرفەتی نوێی ئەکادیمی بۆ هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت.
ئەم بەشدارییە چالاکانەیەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە کۆنفرانسێکی جیهانیی وەک NAFSA 2025، هەنگاوێکی گرنگە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی دەرفەتی نوێ بۆ فێرخوازان و ستافی ئەکادیمی زانکۆى جیهان-هەولێر، هاوکات بەهێزکردنی پێگەی زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر نەخشەی خوێندنی باڵای جیهانی.