گروپێکى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن گەیشتنە زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا
شەش فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا.
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکان زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا و، بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی فێرخوازان؛ هاوکات لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ (University of Lodz) دووەمین گروپى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە وۆچ.
ئەم گروپە لە شەش (٦) فێرخواز پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە دینا عەلى حەسەن و ذەنون سەعد ذەنون و سیبان نەوزاد ئیسماعیل لە بەشی (شیکاریی کیمیایی پزیشکى) و، ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى لە بەشى (کارگێڕى کار) و شیوەر رژدى محەمەد لە بەشى (پەروەردەى گشتى)، ئەم گروپەش لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێکەوتنامەیەکى نێوانیان دەستنیشان کراون.
ساڵى ڕابردوو لەبەر ڕۆشنایی هەمان ڕێککەوتنامەدا، یەکەمین گروپى فێرخوازانى زانکۆى جیهان هەولێر، کە ژمارەیان سێ فێرخواز بوو، ڕەوانەى هەمان زانکۆ کران و، توانیان بەسەرکەوتویی کۆرسێکى خوێندن لەو زانکۆیە تەواو بکەن. گروپى دوەمیش کە هەفتەى ڕابردوو لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێکران، ئێستا گەیشتونەتە ئەو وڵاتە و، واش بڕیارە لە ماوەى مانەوەیان لەو زانکۆیە بەپێى پسپۆڕییەکانیان کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە تەواو بکەن.