گروپێک لە فێرخوازانى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ؛ فریاگوزارى سەرەتایی فێرى فێرخوازانى قوتابخانەیەک دەکەن
بەئامانجى پاراستنى خۆیان و هاوڕێیان و کەس وکاریان لە دۆخە لەناکاوەکان و، بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى فریاگوزارى سەرەتایی بەفێرخوازانى قوتابخانەیەک دەکەن.
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ، بەسەرپەرشتى یاریدەدەرى تاقیگە (جیهاد حاجی) سەردانى قوتابخانەى گەشەى ناحکومیان لە شارى هەولێر کرد و، بەگەرمى لەلایەن (محمد رحمان رەئوف) بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە خولێکى فریاگوزاریان پێشکەش بە فێرخوازانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی لە قوتابخانەکە کرد.
لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکانى خولەکەیاندا، کە ژمارەیەک لە مامۆستایانیش ئامادەیبون، فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ دواى ئەوەى باسیان لە گرنگى فریاگوزارى سەرەتایی کرد، پاشان بەشێوەیەکى کردەى هەنگاوەکانى فریاگوزارى سەرەتاییان بۆ دۆخە لەناکاوەکانى بارى تەندروستى وەک (لوت پرژان، لەهۆشچوونی کتوپڕ، ژەهراویبوون بە خۆراک، هەڵگەڕانەوەی زمان، گەشکە، پێکان و شکان ) بۆ فێرخوازانى قوتابخانەکە بەشێوەیەکى زانستى ڕونکردەوە، ڕونیشیانکردەوە فریاگوزارى سەرەتایی بابەتێکى گرنگە و هەنگاوێکى سەرەتایە بۆ ڕزگاربونى ئەو کەسانەى کە ڕوبەڕوى دۆخێکى تەندروستى لەناکاو دەبنەوە، لە کۆتایشدا فێرخوازانى قوتابخانەکەیان هاندا پەرەى زیاتر بەلایەنە جیاکانى فریاگوزارى سەرەتایی بدەن و ئاشناى لایەنەکانى ببن.