یەکێتى مامۆستایانى کوردستان پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بەبۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق و، پلەى چوارەم لەسەر ئاستى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS) یەکێتى مامۆستایانى کوردستان پیرۆزبایی لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٢/١/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازیکرد لە شاندێکى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بەسەرۆکایەتى مامۆستا ئەحمەد گەرمیانى سەرۆکى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان.
لە دیدارێکدا، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانى بەناوى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان پیرۆزبایی لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کرد و ڕایگەیاند: ئەو دەسکەوتە زانستیەى کە زانکۆکەتان لە لە نوێترین ڕیزبەندی سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS) ئێمە وەک یەکێتى مامۆستایان بەدەسکەوتى خۆمانى ئەزانین، وتیشى لە ڕێگەى ئێوەوە پیرۆزبایی لە مامۆستایانى زانکۆکەشتان دەکەین، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ستایشى هەوڵ و چالاکیە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى فێرخوازان و خزمەتکردن بەکۆمەڵگە، ڕاشیگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکان کە ئاستى هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ بوارى پەروەردە و یەکێتى مامۆستایان لە پلەیەکى بەرزدایە، لە کۆتایشدا؛ هیواى خواست زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەوڵە زانستیەکانیان بەردەوام بن بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و خزمەتکردن بە بوارى پەروەردە لە کوردستان.
لە بەرامبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، سوپاسى ستایش و هەڵسەنگاندنەکانى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کورستانى بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، ڕونیشیکردەوە ئەوەى بەدەستهاتووە بەرهەمى شەو و ڕۆژێک و تاکە کەسێک نیە، بەڵکو بەرهەمى مامۆستایان و توێژەرانى زانکۆکەمانە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئەو چالاکیانەى لە زانکۆ دەکرێ دەچێتە خزمەتى بەرژەوەندى کۆى کۆمەڵگە، چونکە دەرچوانمان لە سێکتەرە جیاوازەکانى کار و خزمەت دەکەن، بۆیە ئەگەر لە زانکۆ توانرا بەڕێگەیەکى زانستى پەروەردە بکرێن و ڕاهێنانیان پێ بکرێ، لەوکاتەدا ڕەنگدانەوەى لەسەر کۆمەڵگە دەبێ، بەپێچەوانەوەش هەر ڕاستە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە کە لە کوردستان و توانا و لێهاتویەکى زۆر بەرز هەیە، بەڵام پێویستى بەسەرکردایەتیەکى باش هەیە بۆ بەگەڕخستنى تواناکان، لێرەوە دەتوانین کوردستان لەسەرجەم بوارەکانى بگەڕێنینەوە سەر نەخشەى جیهانى، تەئکیدى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەمان ڕوحیەت کاردەکەن و فێرخوازان پەروەردە دەکەن.