لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بڕوانامە بەسەر مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە دابەشکرا
وەزیرى پەروەردە ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیمانە، کە لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر گرێبەستێکمان بۆ کارى پێکەوەیی واژۆ کردوە، لە بەرامبەردا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختى لە گرنگى زیاتر بەسیستمى پەروەردە و پێگەیاندنى تاکێکى هۆشیار بۆ داهاتووى کۆمەڵگە کردەوە.
ئەم وتانە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١/٢٠٢٣) لە میانەى مەراسیمێکى تایبەت هات، کە بۆ دابەشکردنى بڕوانامە بەسەر مامۆستایانى بەشداربووى خولى پێداگۆجى، کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە کاندیدا کرابوون و لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبوونى ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى پەروەردە و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەرۆکى بەشە زانستیەکان و میوانان بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى و، شەهیدانى قەڵەم ماتەمینیان نواند، پاشان چەند وتارێک پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارێکدا، دواى بەخێرهێنانى میوانەکان بەگرنگیەوە باسى لە سیستمى پەروەردە و وەزارەتى پەروەردە کرد بۆ پێگەیاندنى تاکێکى هۆشیار بۆ کۆمەڵگە و ڕایگەیاند: وڵاتان بۆ مسۆگەرکردنى ئاییندەیەکی گەش بۆ وڵات و نەوەکانیان، پەروەردەیان کردە شاڕێى کارکردنیان، لە ڕێى پەروەردەوە تاکێکى خاوەن مەعریفە و کەسایەتیەکى هۆشمەند و بەردى بناغەى کۆمەڵگەیەکى پێشکەوتوو و هۆشیاریان بۆ خۆیان دانا، وتیشى لە ڕوانگەى هەستکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پێویستى پەرەپێدان بەتوانا پەروەردەییەکانى سیستمى پەروەردە لە کوردستان، لە ماوەى ڕابردودا بە کۆمەڵێک چالاکى لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە کارەکانمان پەرەپێدا، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەکۆمەڵێک چالاکى گرنگ کرد، کە لە ماوەى ڕابردوو پێشکەشى سێکتەرى پەروەردەیان کردوە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى هەماهەنگى نێوان زانکۆ و وەزارەتى پەروەردە و ڕایگەیاند: پەروەردە و زانکۆ پەیوەندییەکى پتەوەیان لە نێواندا هەیە و، تەواوکەرى یەکترن، ئەگەر پەروەردە بەرهەمى باش بوو، ئێمەش لە زانکۆکان دەتوانین لەسەر ڕێچکەیەکى ڕاست پەرە بەتواناکان بدەین، بەپێچەوانەوە ئێمە هیچمان پێ ناکرێ، چونکە فێرخواز دوانزە ساڵى تەمەنى لە پەروەردە بەڕێ دەکات، کەواتە پەروەردە بناغەى پێگەیاندنى تواناکانى مرۆڤە، زانکۆش لە ماوەى چوار ساڵدا تەواوکەرى ئەو ڕێچکەیەیە، بەڵام پەرە بەتوانا و لێهاتویەکان دەدات، بۆیە هەر وڵاتێک بخوازێ پێبکەوێ بایەخ بە پەروەردە دەدات.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیمانە، کە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە ڕێکەوتنامەکمان واژۆ کردوە بۆ کارى پێکەوەیی، وتیشى لە ماوەى ڕابردودا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێکەوتنامەیەدا، ژمارەیەک لە مامۆستایان لە قۆناغ و پسپۆری جیاواز و لە قوتابخانە جیاوازەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زانکۆى جیهان بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت بەشداریان لە خولێکى چرى ڕێگەکانى وانەوتنەوە کرد و، لەلایەن دەستەیەک لە مامۆستا و پسپۆڕ و شارەزایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى تیورى پراکتیکى ئاشناى چەندین بابەت و میتۆدى تازەى وانەوتنەوە کران، وەک ژینگەی فێربوونی سەردەمییانە، تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی پۆل، پێوانە و هەڵسەنگاندن، کارامەیی لەسەر بنەمای پەروەردەیی، کۆمپیوتەر، فێرخواز سەنتەری پرۆگرامی فێربوونە، هیواشى خواست مامۆستایانى بەشداربوو بەسود وەرگرتن لە وانەکانى خولەکە بتوانن نەوەیەک هۆشیار بۆ داهاتوى کۆمەڵگە پێبگەێنن، لە کۆتایشدا جەختى لە هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و وەزارەتى پەروەردە لە بوارە جیاکان کردەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان، وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانەکان، ڕایگەیاند: زانکۆکانى جیهان هەمیشە دەرگایان بەڕووى وەزارەتى پەروەردە کراوەیە، وتیشى ئێمە زانکۆ بەناوەندێک بۆ خزمەتکردن بەکۆمەڵگە دەبینین، چونکە ئەرکى زانکۆ تەنها پێدانى بڕوانامە نیە، بەڵکو پێگەیاندن و پەروەردەکردنى نەوەکانى دواڕۆژ و خزمەتکردنە بەسێکتەرە جیاکانى کۆمەڵگە، ئێمەش لە زانکۆکانى جیهان هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەین، هیوادارین بتوانین زیاتر خزمەت بەپەروەردە و زانست و کۆمەڵگە بکەین، هەر لە وتارەکەیدا، کۆمەڵێک پێشنیازى بۆ باشترکردنى دۆخى پەروەردە و پرۆگرامەکانى خوێندن خستەڕوو، پاشانیش بەبایەخەوە باسى لە ڕۆڵى مامۆستا لە ناوەندەکانى خوێندن کرد، هیواشى خواست مامۆستایان بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى خۆیان.
لە بڕگەیەکى دیکەى مەراسیمەکەدا، ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە، کە لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر گرێبەستێکمان بۆ کارى پێکەوەیی واژۆ کردوە و، ئەمڕۆش بەرهەمى ئەو ڕێکەوتنامەیە دەبینین، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و ، سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و مامۆستایانى خولەکە کرد، هەروەک پیرۆزبایی لە مامۆستایانى بەشدار کرد و، هیواى خواست لە هەنگاوە زانستیەکانیان بەردەوام بن، پاشان باسى لە پەروەردە و سیستمى پەروەردە و، ڕۆڵى گرنگى لە پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانی تاک لە لایەنی هزرى، دەروونی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعرفی، هەڵسوکەوت و کەسایەتی تاک و، پەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە لە ڕووى زانستى ئابووری و کەلتووری و سیاسى وکۆمەڵایەتی گەلان هەیە، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى پەروەردە دیدگاى وەزارەتەکەى بۆ بوارى پەروەردە خستەڕوو، لەگەڵ ئەو کار و پڕۆژانەى کە لە ماوەى کابینەى نۆیەم ئەنجامیانداوە، بەتایبەت لە دەرچوونى یاساى وەزارەتى پەروەردە و گۆڕانکارى لە پرۆگرامەکانى خوێندن و، هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەى خولى جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان.
لە بەشێکى کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامەى بەشداریکردن لەلایەن، ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى پەروەردە بەسەر مامۆستایان دابەش کرا.
بەدابەشکردنى دیارى بەسەر ستافى مامۆستایانى جیهان-هەولێر، ئاڵوگۆڕکردنى دیارى لە نێوان ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان، کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.