لە زانکۆى جیهان-هەولێر، مەراسیمێک بۆ فێرخوازانى پزیشکى ددان بەڕێوەچوو
لە زانکۆى جیهان-هەولێر، فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى کۆلێژى پزیشکى ددان، مەراسیمێکى تایبەتیان لە هۆڵى کۆنفرانسەکان بەبۆنەى وەرگرتن لە کۆلێژەکەیان بۆ ڕێکخرا.
لەو مەراسیمەدا، کە تایبەت بوو بەلەبەرکردنى پاڵتۆ (صدریة)ى سپى (White Coat Ceremony) هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، کەسوکارى فێرخوازان و ڕاگر و ستافى زانستى کۆلێژى پزیشکى ددان ئامادەیبوون، چەند وتەیەکى تێدا پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وتەیەکدا، دواى بەخێرهێنانى میوانان، بە گرنگیەوە باسى لە پیشەی پزیشکی بەگشتى و پزیشکى ددان لە کۆمەڵگەدا کرد و، ڕایگەیاند: پزیشکى یەکێکە لە پیشە پیرۆزەکان و، لە کۆمەڵگەدا بەچاوى ڕێز لە پزیشکان بەگشتى و پزیشکانى ددان دەڕوانن، بۆیە گرنگە لە داهاتوودا فێرخوازان کە ناسناوى پیشەى پزیشکى هەڵدەگرن لە ئاست وەفاى خەڵک و کۆمەڵگە بن و، لە ئاست چاوەڕوانیەکانیاندا بن، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: لە زانکۆکەتان تەواوى پێداویستیە لۆجیستى و زانستیەکانتان بە پێى ستانداردی نیودەوڵەتی بۆ دابینکراوە، لەوەش گرنگتر توانا و لێهاتوویی ئێوە، کە پێویست دەکات لەماوەى ژیانى خوێندنتان لە زانکۆ هەموو هەوڵێکى خۆتان بخەنە گەڕ تا لە داهاتوودا ببن بەپزیشکێکى ددانی سەرکەوتوو، بەوەش هیوا و ئومێدى خۆتان و خێزان و کۆمەڵگەکەتان بەدى بهێنن.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، دکتۆر رێباز تەحسین کاکەیی راگری کۆلێژی پزیشکی ددان بەخێرهاتنی قوتابیانی قۆناغی يەکەمی کۆلێژەکەى کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، هەروەک تەئیکدى لە پاڵپشتى و ڕەخساندنى ژینگەیەکى تەواوى زانستى بۆ فێرخوازان کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى ئەو چالاکیدا، سمینارێک لەبارەى کۆلێژی پزیشکی ددان و بەشەکانی تری زانکۆی جیهان-هەولێر پێشکەشکرا، مەراسیمەکە بەپۆشینى پاڵتۆ (صدريه)ى سپى و، پێشکەشکردنى پەیامی پیرۆزبایی بەفێرخوازان و، چەند چالاکیکى هونەرى و کەلتورى کۆتایی هات.