بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە چالاکیەکى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق دەربارەی “چەواشەکاریی میدیایی” لە بەغداد دەکات
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date حوزهیران 22, 2026
لیژنەی ڕاهێنان و پەرەپێدان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق، لە بارەگای سەرەکی خۆی لە شاری بەغداد، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، چالاکیەکی زانستیی بە ناونیشانی “چەواشەکاریی میدیایی.. ئامرازێک بۆ شێواندنی ڕاستییەکان” ڕێکخست.
ناوەڕۆکى چالاکیەکە لە لایەن دکتۆر (عاسیفە موسا کازم) پێشکەش کرا و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمیستان، ڕۆژنامەنووسان و توێژەرانی بواری ڕاگەیاندن ئامادەی بوون و، تیایدا تاوتوێی مەترسییەکانی زانیارییە ناڕاستەکان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی کرا.
هەر لەم چالاکییەدا، مامۆستای یاریدەدەر (عومەر حەسەن فەهمی) وەک نوێنەری بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری کرد و هاوشانی پسپۆڕان و ڕۆژنامەنووسانی دیکە، گفتوگۆیەکی زانستیی چڕیان دەربارەی تەحەددییەکانی میدیای هاوچەرخ و ڕێگەکانی دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستیی هەواڵەکان ئەنجامدا.
لە مەراسیمى کردنەوەى چالاکیەکەدا (موئەیەد لامی) جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی عێراق، لە وتەیەکدا جەختی لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازەکانی یاریکردن بە زانیارییەکان کردەوە کە ڕای گشتی دەکەنە ئامانج. هاوکات تیشکی خستە سەر بەرپرسیارێتیی گەورەی دامەزراوە میدیایی و ئەکادیمییەکان لە چەسپاندنی بنەماکانی پیشەییبوون و بابەتکاری و پێویستیی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا دکتۆر عاسیفە موسا کازم بە وردی باسی لە چەمکی چەواشەکاریی میدیایی و میکانیزمە جیاوازەکانی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا کرد، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو شێوازانەی بۆ تێکدانی ڕاستییەکان و دروستکردنی وێنایەکی ئاڕاستەکراو لای جەماوەر بەکاردێن. هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی ئەم چەواشەکارییە لەسەر ئاڕاستەی گشتیی کۆمەڵگە و پڕۆسەی بڕیاردان کرا.
چالاکییەکە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی کاراکردنی هەماهەنگی و دروستکردنی هاوبەشی لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و سەندیکا پیشەییەکان کۆتایی هات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارامەیی ڕۆژنامەنووسان و پەرەپێدانی میدیایەکی بەرپرسیار کە لە خزمەت گەیاندنی ڕاستییەکاندا بێت.
You may also like
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 13-6-2026، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان كرد لە كۆڕێكی شیعریی و ئەدەبی كە لەلایەن ناوەندی گەنجان لە هەولێر …


