بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی ڕێز لە فێرخوازێکى بەشی ڕاگەیاندن دەنێ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی لە چوارچێوەى فیستیڤاڵێکدا ڕێزى لە فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر نا.
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی “دروستکەرانی ناوەڕۆکی سریانیدا”، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی لە هەرێمى کوردستان ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠٢٢) بە ئامادەبوونی کلدۆ ڕەمزی ئۆغنەبەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی و، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، نووسەران لە هۆڵى گالاکسى شارۆچکەى عەینکاوە بەڕێوەچوو، چەند چالاکیکى هونەرى پێشکەشکرا، لەوانەش نمایشکردنى کۆمەڵێک کورتە فیلم کە لەلایەن فێرخوازانى زانکۆ جیاکان ئامادەکرابوون و تایبەت بوون بە دۆخ و بابەتە جیاوازەکانى کۆمەڵگە، وەک چۆنیەتى بەسەربردنى ژیان لە ناوچە جێناکۆکەکانی شنگال و موسڵ و چەند فیلمێکى دیکەى پەیوەست بەمیراتى کەلتورى سریانى.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی خەڵاتى ڕێزلێنان و سوپاس پێشکەش بە سورا سامى ساڵح کرد وەک هونەرمەندێکى شێوەکارى، کە لە بەرهەمەکانیدا بایەخى زۆر بە هونەرى سریانى و بەزیندوهێشتنەوەى ئەو هونەرە دەکات، هاوکات کۆمەڵێک لە گەنجان و فێرخوازانى بەشداربوى چالاکیەکە لە بوارى دیکە توانیان خەڵات و ڕێزلێنانى بەڕێوەبەرى گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی بەدەست بهێنن.
سورا سامى ساڵح فێرخوازێکى چالاکى قۆناغى سێیەمى بەشى ڕاگەیاندنە لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، لەماوەى ڕابردودا بەهۆى ئەو ئەزمونەى لە بوارى ڕاگەیاندن لە زانکۆ بەدەستیهێنا توانى متمانەى کەناڵى شەرقیە بەدەستبێهێنێ و ئێستا وەک ستافى ئەو کەناڵە کار دەکات.