
تیمى تۆپى پێى فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن یارییەکی تۆپی پێ دۆستانەیان لەگەڵ تیپى کارمەندانى کەناڵی ئاسمانیی سپێدە ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 28, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 25-10-2026، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، تیمی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێی لەگەڵ تیمی کەناڵی ئاسمانیی سپێدە لە یاریگەی هاناسیتی لە شاری هەولێر ئەنجام دا، کە تێیدا ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم ئامادەی بوون.
لە دەستپێکی چالاکییەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ئامادەبوون و گیانی وەرزشیی هەردوولای کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لە سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە، تەنها کێبڕکێی وەرزشی نییە، بەڵکو درووستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز، هاوکاریی هاوبەش و پتەوکردنی پردی دۆستایەتییە لە نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە میدیاییەکاندا.
تەواوی یارییەکە لە کەشێکی دۆستانە و پڕ لە ڕووحێکی وەرزشیی بەرز بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەمەش لە ناو یاریگادا ململانێیەکی جدی و یارییەکی گەرموگوڕ و پڕ لە تاكتیک لە نێوان هەردوولادا ئامادەیی هەبوو. هەردوو تیم ئاستێکی بەرزی لێهاتوویی و ئامادەباشیی جەستەییان نیشان دا و چەندین هێرشی مەترسیدار و گۆڕینەوەی تۆپی خێرایان لەسەر گۆڵی یەکتر تۆمار کرد کە جۆش و خڕۆشێکی زۆری بە یارییەكە بەخشیبوو. دوای کێبڕکێیەکی بەهێز و پڕ لە هەل لە هەردوو تایمی یارییەکەدا، لە کۆتاییدا تیمی کەناڵی ئاسمانیی سپێدە توانی لە ڕێگەی قۆستنەوەی هەلە زێڕینەکانەوە ئەنجامەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا بکاتەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار پیرۆزبایی لە تیمی کەناڵی ئاسمانیی سپێدە کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە یارییەکەدا، هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم یاریزانان و ئامادەبووانی هەردوولا کرد بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزی وەرزشی، ڕەچاوکردنی ئیتیکی یاریی پاک و، ڕەخساندنی ئەم کەشە پڕ لە برایەتی و هەماهەنگییە لە نێوان فێرخوازان و میدیاکاراندا.



