زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداری لە چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان (KEF 2026) دەکات
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 1, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی (30/07/2026)، چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان (KEF 2026) بە ناونیشانی (پەروەردەی هاوچەرخ، کارامەیی و کواڵێتی) لە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆڕبەندەکەدا، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، ئارام ئەحمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، محەممەد عەبدولڕەحمان وەزیری پەروەردەی سوریا، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆ و پەیمانگەكانی جیهان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و نوێنەرانی دامەزراوە پەروەردەییەکان ئامادە بوون.
زانکۆی جیهان-هەولێر هاوشانی گرووپی جیهان بۆ خوێندن، بەشدارییەکی کارای لەم پیشانگەیەدا کردووە و چەندین داشکاندنی تایبەت و جیاوازی بۆ فێرخوازانی نوێ و ئەو قوتابیانەی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کردوە، کە دەیانەوێت لە زانکۆى جیهان-هەولێر درێژە بە خوێندن بدەن.
لەو کۆربەندەدا، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی چەندین پانێڵ و دیبەیتی زانستییەوە، جەخت لەسەر گۆڕینی سیستم (System)ی پەروەردە و ئامادەکردنی مامۆستایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان دەکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆڕبەندەکە کار لەسەر گونجاندنی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی فێرکردن دەکات، بۆ ئەوەی کارامەییەکانی کادری پێگەیەنەر بەرز بکرێتەوە.
لە کۆتایی ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا، میوانەکان و بەشداربووان بەشە جیاوازەکانی پیشانگەکەیان بەسەر کردەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە نێوان پسپۆڕان و مامۆستایاندا ئەنجام درا، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابخانەکان و زانکۆکان بوو. لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فێرخوازان و شارەزاییان و پسپۆڕانى بوارى پەروەردە و خوێندنى باڵا و ئامادەبووان سەردانى ستاندى تایبەت بە گروپى جیهان و زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، بیروڕاییان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە ڕۆژانى داهاتوشدا زانکۆى جیهان-هەولێر لە پێشوازى فێرخوازان و کەسوکاریان و میوانەکانى پیشانگەکە دەبێت بۆ ئاشناکردنیان بە بەش و دەرفەتە ناوازەکانى زانکۆ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٦-٢٠٢٧).



