زانکۆى جیهان-هەولێر لە قۆناغى بەدەستهێنانى متمانەى دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى گرنگدایە
لە چوارچێوەى پلانى زانکۆیى خۆیدا بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکە و، بەدەستهێنانى متمانەى دامەزراوە ناوەدارە ئەکادیمیەکانى جیهان، زانکۆى جیهان-هەولێر پرۆسەیەکى گرنگى دەستپێکردوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، لە ماوەى ڕابردودا چەندین هەنگاوى گرنگى بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە پێشکەوتوە و ڕەسەنەکانى جیهان ناوە، لە ئێستاشدا زانکۆى جیهان-هەولێر پلانێکى دیکەى گرنگى خۆى خستۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، لە قۆناغى بەدەستهێنانى (ئەکریدیتەیشن) متمانەى دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى و ناودارى گرنگە لە ئەوروپا.
بۆ ئەو مەبەستە، لە ماوەى ڕابردودا چەندین هەنگاوى جێبەجێکردوە، لە نوێترین هەنگاویشدا، کە لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو بەڕێوەچوو، ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتیە بەشیوەى ئۆنلاین چاوپێکەوتنى لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشە جیاوازەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، لە میانەى چاوپێکەوتنەکاندا چەندین پرسیار لە بوارە جیاکانى زانست و پڕۆگرامەکان و لایەنى ئەکادیمى زانکۆ لەلایەن دامەزراوەکە ئاراستەى فێرخوازان کرا، ئەوانیش بەوردى وەڵامى پرسیارەکانیان دەدایەوە.
لە میانەى بەڕێوەچوونى ئەو دیدارە ئەکادیمیەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەو هەنگاوە گرنگەى زانکۆکەیان پیشاندا و ڕایگەیاند: بەدەستهێنانەى (ئەکریدیتەیشن) متمانەى ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتى و ناودارى گرنگەى ئەوروپا دەسکەوتێکى گرنگە بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت و، بەرەوپێشبردنى ڕەوتى زانست و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگشتى، چونکە لەو قۆناغە بەدواوە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆ ڕەسەنەکانى ئەوروپا مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێ و دان بەبڕوانامەى دەرچوانى زانکۆکەمان دەنرێ و، وەک دەرچویەکى زانکۆیەکى ئەوروپى مامەڵە لەگەڵ دەرچوانماندا دەکرێ، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لەو کۆمەڵە فێرخوازە کرد، کە بەگڕوتینەوە بەشداریان لەو پڕۆسەیەدا کردوە.