پانۆراماى دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی
لە ڕۆژانى دووشەممە و سێ شەممە ڕێکەوتى (٥-٦/٤/٢٠٢١) بەڕەچاوکردنى ڕێنماییە تەندروستیەکان و خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هۆڵى کۆنفرانسەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆى، بەهەماهەنگى لەگەڵ زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان، زانکۆى جیهان-هەولێر دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی لە زانکۆى جیهان بەڕێوەبرد.
خۆتۆمارکردن:
لە سەعات (٨:٠٠) بەیانى ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢١) دەرگاى هۆڵى کۆنفرانس بەڕووى بەشداربووان کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن لێژنەیەکى تایبەت ناوى یەک یەکەى بەشداربووان تۆمارکرا و، پێداویستیەکانى کۆنفرانس لە (پرۆشۆر بەرنامەى کارى کۆنفرانس، زانیارى توێژینەوەکانى کۆنفرانس و توێژەران) و، (پێداویستیەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا) بەسەر بەشداربوان دابەشکرا، دواتریش لەلایەن لێژنەى پێشوازى بەشداربووانى کۆنفراس تا شوێنى دەستنیشانکراویان یارمەتیدران.
دەستپێکردنى کۆنفرانس
کۆنفرانسەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران باسى لە لایەنە گرنگەکان و چۆنیەتى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد، هەروەک باسى لە ژمارەى ئەو توێژینەوانە کرد کە لەلایەن توێژەرانەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشکەشى کۆمیتەى باڵاى کۆنفرانسیان کرد، لە خوارەوە دەقى وتارەکەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دانراوە.
ئەمەش دەقى وتارى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێرە لەو کۆنفرانسەدا:
بِسْم الله الرحمن الرحيم
( يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ ) صدق الله العظيم
بەڕێزان/ ئامادەبووانى خۆشەویست
سوپاس بۆ خودای گەورە، جارێکی تر لەبۆنەیەکی زانستی نوێدا لەچوارچێوەى چالاکی و کۆنگرە زانستییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر کۆبوینەتەوە، بۆیە لەم بۆنە زانستییەدا بەخێرهاتنى گەرمى توێژەران و زانایان و بیرمەندان و ڕوناکبیران دەکەین بۆ (دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی) کە زانكۆی جیهان – ههولێر بههاهەنگى لهگهڵ زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان، لە ماوەی (5 تا 6 ی نیسانی 2021) ڕێکیخستووە .
ئامادەبوونی بەڕێز…
وەک سەرۆکی زانکۆی جیهان- هەولێر و، هەم وەک سەرۆکی ئەم کۆنفرانسە، لەهەمانکاتدا بە ناوی هاوکارانم لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسى هاوبەش لە هەردوو زانکۆی جیهان و وارسۆ، دەخوازم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ وەبیرهێنانەوە و خستنەڕووى لایەنە گرنگەکانى بەستنى ئەم کۆنفرانسە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا بە هاوکاری یەکێک لە زانکۆ هەرە ڕەسەن و پێشەنگەکانى زانکۆکانى جیهانی. شاراوە نیە ئەگەر بڵێم گرنگی ئەم کۆنفرانسە لەگرنگی بابەتە سەرەکی و بینینى پێداویستییەکان و دوا پەرەسەندنەکانی بواری ئەندازیاریی شارستانی و تەلارسازییەوە سەرچاوە ئەگرێت، بەتایبەت کە هاوتەریبە لەگەڵ پێویستیی گەشەسەندن و بوژانەوەى لایەنى تەلارسازى لەسەر ئاستی هەرێمى کوردستان و عێراق.
گرنگی تری ئەم بۆنە زانستییە، لەم هاوبەشییەی نێوان دوو زانکۆدا خۆى دەبینێتەوە، کە هەر یەکەیان خاوەن تایبەتمەندی و ستافی زانستى خۆیەتى، ئەوەش بووە دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی توێژینەوەی زانستیی پتەو ئاست بەرز و هاوچەرخ، بەتایبەت لەگەڵ زۆربوونی پێویستى بوژاندنەوەی بیناسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، دوایین ئەو شێوازە ئەندازیاریەی گرتەبەر کە جیهان پێی گەیشتووە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەسەرەتادا (٤٣) توێژینەوە گەیشتە کۆمیتەى ئامادەکارى کۆنفرانس و لەلایەن لیژنەی زانستی تایبەتمەندەوە، کە (١٠) پسپۆڕیان لە دەرەوەى عێراق بوون هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم توێژینەوەکان کران و پۆلێن کران، بەو شێوەیە لێژنەکە (7) توێژینەوەى ڕەتکردەوە و (36) توێژینەوەشیان پەسەند کرد، کە (٨) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و، لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئوسترالیا، تورکیا، عومان، قوربس و مالیزیا) پێشکەشکراون، لەهەمان کاتدا (28) توێژینەوەش لەناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکراون و پەسندکران، سەربارى ئەوەش دوو قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker و دووانی دیکە لەئیتاڵیا و، یەکێک لەپۆڵۆنیا و، یەکێکى دیکەش لەئیمارات و دوو کەسیش لەناو عێراق بۆ کۆنفرانس پەسەندکران.
بەڕێزان و خانمان….
زانکۆی جیهان-هەولێر بەو هەموو بڕوا بەخۆبوون و کاریگەرییە باش و دروستەی لەسەر ئاستی خوێندنی زانکۆ لەکوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەیەتى، بەپێشکەشکردن و بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیانەى کە پێشکەشى دەکات، توانیویەتى ڕۆڵی کۆمەڵگەی خۆی ببینێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و دەوڵەت لەهەرێم و عێراقدا، بۆ پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش لەڕێگەی پێشکەشکردنى کۆمەڵێک توێژینەوەی کوالیتی بەرزی زانستی، کە لەلایەن توێژێک لە زانا و توێژەری لێهاتوو و دانسقە ئامادە کراوە.
ئەمەش دەقاودەق لەخۆگرتنى ئەو پەیامەی زانکۆی جیهانە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا لەسەرى بەردەوامە و، بە هەموو وردەکاریەکانییەوە لە ناو پۆلەکانەوە بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت دەڕوات، هەربۆیە ئەو پەیامە سەرکەوتنەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەردەخات و ڕوون دەکاتەوە.
بەشداربوانى بەڕێز…
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، سوپاس و پشتیوان بەخوداى گەورە لێرەوە دەستپێکردنی ئەم کۆنفرانسە ڕایدەگەیەنم، دووبارە سوپاس و پێزانینم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششە باشانەی لەسەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا گێڕاوتانە ، داوای لە خوداى گەورە دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بێ بۆ چاکەی وڵات و بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستیی هاوچەرخ و پڕچەککردنی بەتەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
پرۆفیسۆر دکتۆر
ئەمجەد صابر دەلۆى
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
سەرۆکى کۆنفراس
وتارى سەرۆکى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر میشال زاسدادە سەرۆکى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پەیامێکدا کە بەشێوەى ئۆنلاین پێشکەشى کرد باسى لە گرنگى بەستنى ئەو کۆنفرانسە هاوبەشە کرد بۆ پەرەپێدان بەلایەنى ئەندازیارى و سوود وەرگرتن لە ئەزموونى یەکتر.
دەستپێکردنى بەرنامەى کارى کۆنفرانس
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان، بەرنامەى کارى دووەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا (36) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا پێشکەش کران، بەشێوەیەک (٨) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و، لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئوسترالیا، تورکیا، عومان، قوربس و مالیزیا) پێشکەشکران، لەهەمان کاتدا (28) توێژینەوەش لەناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکران، سەربارى ئەوەش دوو قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker لەئیتاڵیا و، یەکێک لەپۆڵۆنیا و، یەکێکى دیکەش لەئیمارات و دوو کەسیش لەناو عێراق کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، ئەوەش بەم شێوەیەى خوارەوە بوو:-
کۆنفرانسەکە لەلایەن هەردوو ((Keynote Speaker سەرەکى یەکەم و دووەم (پرۆفیسۆر دکتۆر فرانسیسکۆ کالابرۆ و، پرۆفیسۆر دکتۆر گیوزێپێ کاسالیا) کە لە زانکۆى (دەریاى سپى ناوەڕاست- ريدجۆ كالابرى) لە ئیتاڵیا بەشداریان بەناونیشانى (پلانى ستراتیژى بەرنامەڕێژکراو وەک ئامرازێکى داهێنەرانە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕانکاریە ناوچەیی و شارنشینى) کارنامەى کۆنفرانسەکەیان کردەوە.
پانێڵى: ئەندازیارى تەلارسازى و پەرەپێدانى باڵەخانەکان
پانێڵى یەکەمى کۆنفرانسەکە، کە لە دواى پشودانێکى کورت، لە کاتژمێر (١٢)ى نیوەڕۆى ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢١) لە هۆڵى کۆنگرەکان دەستیپێکرد، تایبەت بوو بە(ئەندازیارى تەلارسازى و پەرەپێدانى باڵەخانەکان)، ((Keynote Speaker سەرەکى پانێڵەکە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (مەحمود ئەحمەد خەیات) بوو لە زانکۆى کوردستان/هەولێر، عێراق، هاوکات ئەندامانى لێژنەکە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (مەحمود ئەحمەد خەیات لە زانکۆى کوردستان/هەولێر، عێراق) و دکتۆر (سەبا ئیبراهیم تەها لە زانکۆى جیهان-هەولێر، عێراق.
لە چوارچێوەى ئەم پانێڵەدا (٦) شەش توێژینەوەی زانستى باڵا لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەشکران، بۆ ئەو مەبەستە لەسەرەتادا لەلایەن دکتۆر (فەرحان عەبدوڵلا عەلى) لە زانکۆى جیهان-هەولێر توێژینەوەیەک بەناونیشانى (پشت بەستن بەستراتیژیەتى (SCAMPER) بۆ ئاوێتەکردنى چەمکەکانى پەرەپێدان لە پڕۆسەى دیزاینکردنى تەلارسازى) پێشکەشکرد، پاشان لەلایەن توێژەران (مامۆستاى یاریدەر نەغم یەحیا لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، مامۆستاى یاریدەدەر ڕانیا ئەلعەلى لە زانکۆى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە باکورى قوبرس) توێژینەوەیەکیان بەناونیشانى (لێکۆڵینەوە لە بەشداریکردنى ڕوکارى وزە بۆ باڵەخانە بەرز و نزمە کارگێڕییەکان لە کەشوهەواى دەریاى سپى ناوەڕاست) پێشکەشکرد، هەر لەو پانێڵەدا، کە لە کاتژمێر (١)ى دواى نیوەڕۆ بەڕێوەچوو، (دکتۆر موعز یاسین سعود لە کۆلێژى تەکنیکى باڵا، لە مەسقەتى پایتەختى شانشینى عومان) توێژینەوەیەکى زانستى بەناونیشانى (باڵەخانەى زیرەک بۆ کشتوکاڵى بەردەوام و دابینکردنى ئاسایشى خۆراک لە عومان) پێشکەشکرا.
پاش پشودانێکى کورت، لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانى ئەم پانێڵەدا، لە کاتژمێر (١:٤٠)ى دواى نیوەڕۆ توێژینەوەیەکى زانستى بەناونیشانى (پۆلێنەکردنى توخمە کەلەپووریەکان بە بەکارهێنانی ڕێساى شێوە) لەلایەن توێژەران (خالید ئەحمەد حسین و پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عیماد هانى ئیسماعیل) لە زانکۆى موسڵ پێشکەشکرا، هەر لە زانکۆى موسڵ (پرۆفیسۆرى یاریدەر دکتۆر ئەمساء دەباغ) توێژینەوەیەکى بەناونیشانى (سروشتی لێکدانەوە لە ڕەخنەی تەلارسازیدا) پێشکەشکرد. لە بەشى کۆتایى پانێڵى یەکەمدا، کە لە کاتژمێر (٢:٢٠)ى دواى نیوەڕۆ بەڕێوەچوو، توێژینەوەیەک بەناویشانى (لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانەی کە کاریگەریان لەسەر پڕۆژەکانی دروستکردنی خانووى سەوز لەعێراقدا هەیە لە پێناو بونیاتنانی بەردەوام) لەلایەن توێژەران (پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر کازم ڕەحیم) و (مامۆستاى یاریدەدەر حەیدەر فەیسەڵ) لە زانکۆى بەغداد پێشکەشکرا.
دواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
پانێڵى: دیزاین و پلاندانانی شارستانى
دووەمین پانێڵى دووەم كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی تەرخانکرا بۆ (دیزاین و پلاندانانى شارستانى)، هاوتەریب لەگەڵ پانێڵى یەکەم، لە کاتژمێر (١٢) نیوەڕۆى ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢١) لە باڵەخانەى دووەمى ئەکادیمیایی جیهان بەڕێوەچوو، ((Keynote Speaker سەرەکى پانێڵەکە دکتۆر (مەحمەد شێرزاد) لە زانکۆى عەجمان لە ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو بوو، هاوکات سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (حسین عەلى حسێن) لە زانکۆى سەڵاحەددین/هەولێر، عێراق و، مامۆستاى یاریدەدەر (نەغم ئیبراهیم یەحیا) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، عێراق.
لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانى سەرەکى ئەو پانێڵەدا، توێژینەوەیەکى زانستى بەناونیشانى (ڕۆڵی هەڵوێستی ژیرانە له به دەستهێنانی پەرەپێدانى شارنشینى شار) لەلایەن توێژەران مامۆستا (مەها ئەکرەم) و، مامۆستاى یاریدەدەر (میساء موفەق عوبیدى) و، مامۆستاى یاریدەدەر (لمى محەمەد) لە زانکۆى موسڵ پێشکەشیان کرد. دواتریش لەلایەن توێژەران (دکتۆر عومەر ئەرشەد حافظ) و، (دکتۆر بیتر دى وایلد) لە شانیشنى بەریتانیا توێژینەوەیەکى زانستى هاوبەشیان بەناونیشانى (پێداچوونەوە بە کێشەکانی کەرتی نیشتەجێبوونی عێراق) پێشکەشکرد. لە کاتژمێر (١)ى دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ توێژینەوەیەک بەناونیشانى (کەلەپووری شاراوەی قەڵای ئەنقەرە: دواڕۆژێکی نادیار لەنێوان پاراستنی و گواستنەوەدا) لەلایەن توێژەر (سەڵاح حاجى ئیسماعیل) لە زانکۆى ئەنقەرە- يلدريم بيازيت پێشکەشکرا.
دواى پشودانێکى کورت، پانێڵەکە بەخستنەڕووى چەند توێژینەوەیەکى دیکەى زانستى درێژەى بەکارەکانى خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن دوو توێژەرى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە (دکتۆر سەبا ئیبراهیم تەها و مامۆستاى یاریدەدەر ئیلحان فارس ئیبراهیم) توێژینەوەیەکى هاوبەشیان بەناونیشانى( ڕۆڵی یاسادانانی شارنشینی لە پێشخستنی وێنەی هزریى بۆ شار ( شاری هەولێر وەک توێژینەوەى بار) پێشکەشکرد، لە کاتژمێر (٢)ى دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ توێژینەوەیەکى هاوبەش بەناونیشانى (تایبەتمەندی ڕێکخستنى شوێن بۆ قەڵا مێژوویەکان و کاریگەری لەسەڕ ستراتیژی پەرەپێدانى شارستانی لە ناوچەکانی دە وروبەڕ ” قەڵاى سەڵاحەددین لە قاهیرە وەک توێژینەوەى بار) لەلایەن توێژەران مامۆستاى یاریدەدەر (عومەر عەبدولوەهاب خەڵەف) لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، مامۆستاى یاریدەر (ئیلهان فارس ئیبراهیم) لە سێنتەرى عەمارەى داهێنەران و ژێرخانى ژینگەیی و، (دکتۆر نور هاسلینا جەعفەر) لە زانکۆى کیبانغسانى مالیزى پێشکەشکرا، لە کۆتایی ئەو پانێڵەشدا لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر موسعەب سامى عوبیدى لە زانکۆى جیهان-هەولێر توێژینەوەیەکى بەناونیشانى (بەکارهێنانى زەوى، وەک کواڵیتى بۆ دروستکردنی شەقامی سەرکەوتوو لە ناوەندی شاری سلێمانی، عێراق) پێشکەشکرا، بەو شێوەیە و دواى گفتوگۆى سەرجەم پانێڵەکان لەلایەن ئەندامانى کۆنفرانس و خستنەڕووى بۆچوون و پرسیارەکانیان کۆتایی بەو پانێڵە هات.
پانێڵى: پێکهاتەی ئەندازیاری
پانێڵێکى دیکەى یەکەم ڕۆژى کۆنفرانسەکە تایبەت کرابوو بە(پێکهاتەى ئەندازیارى)، ئەم پانێڵەش هاوتەریب لەگەڵ پانێڵەکانى دیکە، لە کاتژمێر (١٢) نیوەڕۆى ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢١) لە باڵەخانەى لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، ((Keynote Speaker سەرەکى پانێڵەکە پرۆفیسۆر دکتۆر (سەلامك ماريك) لە زانکۆى (سيليزيا بۆ تەکنەلۆژیا) لە پۆلندا بوو، هاوکات سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆرى دکتۆر (سەبیح هاشم) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، عێراق و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (عەلى عەبدوڵلا) لە زانکۆى قادسیە، عێراق.
بۆ ئەو مەبەستە لە توێژینەوەیەکدا پرۆفیسۆر( دکتۆر سەبیح هاشم) بەناونیشانى (توێژینەوەیەکی ئەزموونی لەسەر کۆنکرێت کە مادەی نانۆ/یان میکرۆ سیلیکا تێدایە) پێشکەشکرد، دواتریش لەلایەن دکتۆر (عەدنان صادق کوێتى) لە زانکۆى ئیسلامى توێژینەوەیەک بەناونیشانى (زۆرترین هێزی کەوانەی کۆنکرێتی هاوتا) پێشکەشکرا. لە بەشێکى دیکەى پانێڵەکەدا بەناونیشانى (FRP RC شێوازی شیکردنەوەی سادە بۆ ستیلی دووڕەگى شێلمان) توێژینەوەیەکى زانستى لەلایەن (دکتۆر هەیثم ئەثیرى) لە زانکۆى قادسیە پێشکەشکرا.
دواى پشودانێکى کورت، پانێڵەکە درێژەى بەکارنامەى خۆیدا و، لەلایەن توێژەرانەوە چەند توێژینەوەیەکى زانستى پێشکەشکران، لەو بوارەدا لەلایەن سێ توێژەرى زانکۆى بابل، کە پێکهاتبوون لە (حەیدەر حەسەن) و (پرۆفیسۆر دکتۆر هەیثم موتعەب) و، (پرۆفیسۆر دکتۆر حەیدەر محەمەد بەغدادى) توێژینەوەیەکى هاوبەشیان بەناونیشانى ( کارلێک لە نێوان ستوونە کۆنکریتیە پێش پەخشکراوەکان لەگەڵ بنەماکانى بۆشایی بە بەکارهێنانی ڕووکاری پەیوەندی جیاواز ) پێشکەشکرد. لە بەشێکى دیکەى ئەو پانێڵەدا، کە لە کاتژمێر (٢)ى دواى نیوەڕۆى یەکەم ڕۆژى کۆنفرانس بەڕێوەچوو، توێژینەوەیەک بەناونیشانى (پەرەپێدانی کۆنکرێتی کەم کێش بە بەکارهێنانی پاشماوەی ڕۆنی خورمای پیشەسازی) لەلایەن ئەم توێژەرانەوە پێشکەشکرا، کە بریتیبوون لە (دکتۆر ئیبراهيم عبدالرزاق ئەلعانى) لە کۆلێژى فارابى زانکۆی و، (وان حميدون و ، وان حەنا موختار) لە زانکۆى مالیزى نیشتیمانى و، (بەسمە سەباح ئەلواشى) لە وەزارەتى پەروەردە.
هەر لەو پانێڵەدا، توێژینەوەیەکى هاوبەشى زانستى توێژەران (عامر نەجم عەباس) و، (عەلا ئەحمەد حسين) و، (يەعقوب طالب يەعقوب ئەلعانى) و، ئیبراهيم عەبدولرەزاق ئەلعانى) لە زانکۆکانى موستەنسریە و، کۆلێژى ڕافیدەین و زانکۆى فارابى بەناونیشانى (Size Effect on the Bond Behavior of Grouted Reinforcing Bars Embedded in Light-weight Concrete.) پێشکەشکرا، لە کۆتایشدا توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەش بەناونیشانى (دەرکەوتنى داخوران لە کۆنکرێتی پەستراوی لوولی لە دۆخی جیاوازى ئاو)ى توێژەران مامۆستاى یاریدەر (كەنار محەمد ئیسماعيل نانەکەلى و ، (پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (فەیسەڵ ئەحمەد دەحام) لە زانکۆى سەڵاحەددین/هەولێر و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (ماهر يوسف ئەلسمعانى ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر خرایەڕوو، بەوەش کۆتایى بەپانێڵەکانى یەکەمین ڕۆژى کۆنفرانس هات.
پانێڵى: ئەندازیاری جیۆتەکنیکی و سەرچاوەکانی ئاو
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٦/٥/٢٠٢١) زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان، درێژەیان بەکارنامەى دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی دا، لەو چوارچێوەیەدا و لە پانێڵى یەکەمى دووەم ڕۆژى کۆنفرانسدا بەناونیشانى (ئەندازیارى جیۆتەکنیکى و سەرچاوەکانى ئاو) لە هۆڵى (VIP) چەند توێژینەوەیەک پێشکەشکرا، ((Keynote Speaker سەرەکى ئەو پانێڵە پرۆفیسۆر دکتۆر (ياروسوا خورمانسكى) لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان بوو، هاوکات سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆرى دکتۆر (حسین مەندیل عاشور) لە زانکۆى موسەنا، عێراق و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر(مەحمود عیزەت) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، عێراق.
بۆ ئەو مەبەستە، لە کاتژمێر (٩:٢٠) دەقیقەى سەرلەبەیانى بەناونیشانى (کاریگەری ڕێژەی لم لەسەر تایبەتمەندیەکانی فشار و هێزی برشی ناماتریکس لە قوڕی نەرم و نەرمی پلاستیکی نزم) لەلایەن چوار توێژەرى زانکۆى قادسیە لە عێراق و، زانکۆى کیرتن کە پێکهاتبوون بە (ئەیاد ئەکروش، على عەبدوڵلا ڕوباعى، ببرابیر سرکر و سەیف ئەلزیبى) پێشکەش کرا، دواتر توێژەران (ئیبراهيم عەبدولڕەزاق ئەلعانى ، حەيدەر عەبدولڕەحمان ئەثمیرى ، وان حەنا و، وان موختار) لە (کۆلێژى فارابى زانکۆیی، زانکۆى بەغدا و، زانکۆى مالیزى نیشتیمانى) توێژینەوەیەکى هاوبەشیان بەناونیشانى (دەرکردنى بڕیاری جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی باشترین پێوانەی کۆنترۆڵی ڕوکارى لە عەمبارى بەنداوی حەدیسە) لە عێراق پێشکەشکرد.
لە کاتژمێر (١٠) سەرلەبەیانى هەمان ڕۆژ توێژینەوەیەکى دیکەى زانستى بەناونیشانى (کارایی فلتەری چەوی وردکراو لە دەوروبەری کێڵگەی پۆلیمەر بە تێکەڵەی قیرتاوکراو) لەلایەن توێژەران پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (عامر حەسەن حەداد مەهدى) لە کۆلێژى فارابى زانکۆیی و، ( ضحى محەمەد مەهدى) لە زانکۆى بەغداد پێشکەشیان کرد، دواتر توێژینەوەیەکى هاوبەشى دیکەى توێژەران (زەینەب سەلیم عەبدولزەهرا و مەحمود ذياب ئەحمەد) لە زانکۆى بەغداد و، (ئیبراهیم عەبدولڕەزاق ئەلعانی) لە کۆلێژى فارابى زانکۆیی بەناونیشانى ( بەهێزکردنى قوڕ بە بەکارهێنانی میتاکۆلین و خۆڵەمێش و قامیشى شەکر) خرایەڕوو.
دواى پشودانێکى کورت و، لە کاتژمێر (١١) پانێڵەکە دەستى بەکارەکانى خۆى کردەوە، بۆ ئەو مەبەستە توێژەران پرۆفیسۆر دکتۆر (ڕائد ئەلعومەر) لە کۆلێژى فارابى زانکۆیی و، پرۆفیسۆر دکتۆر (محەمەد فەتاح و، مامۆستا موزفەر حەمید) لە زانکۆى تەکنەلۆژى توێژینەوەیەکى هاوبەشیان بەناونیشانى (خاسیەتەکانی ئەندامی نەرمى خڵتەی خاکی قوڕی بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی قەبارە گەورە) خستەڕوو، دواتر بەناونیشانى (تایبەتمەندیە ئەندازیارییەکانى خاک لە پاشماوەى نەوتی سووتەمەنیی قورس) توێژینەوەیەکى هاوبەشى توێژەرانى زانکۆکانى (تکریت، جیهان-هەولێر، سەڵاحەددین و، وەزارەتى کارەبا)، کە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (ئەحمەد عوبێدى)، پرۆفیسۆرى یاریدەر (مەحمود مەحمود)، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (ڕزگار حەمادى) و (دنیا ذيبان) خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
بەشى کۆتایى ئەو پانێڵەش تەرخانکرابوو، بۆ خستنەڕووى دوو توێژینەوەى زانستى دیکە، بۆ ئەو مەبەستە و، لە کاتژمێر (١١)ى پێش نیوەڕۆ توێژینەوەیەک بەناونیشانى (شیکردنەوەى جێگیری لێژى بۆ بەنداوێکى تایبەت لە دۆخى جێگیریدا- توێژینەوەیەکى) لەلایەن توێژەرانى زانکۆى جیهان-هەولێر دکتۆر (ئاکۆ عەبدوڵلا دەڕاعى) و، مامۆستاى یاریدەدەر (دڵشاد خورشید ئەحمەد) پێشکەشکرا. لە کۆتای پانێڵەکەشدا توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەشى چوار توێژەر کە پێکهاتبوون لە (مەهەند محەمەد عەباس) لە زانکۆى دیالە و، هەریەک لە (ئەمجەد محەمەد عەباس ، ئیبراهیم عەبدولڕەزاق ئەلعانى و، هافان حەسەن سلێمان) لە وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، بەناونیشانى (پشکنینى کاریگەرییە جیاوازەکانى زبری لەسەر شێوازی خێرایی لەکاتى گەیشتن بە شەت و عەرەب) توێژینەوەکەیان خرایەڕوو.
پانێڵى: ئەندازیاری گواستنەوە و هاتوچۆ – کارگێڕى ئەندازیاری و ئابوری
هاوتەریب لەگەڵ پانێڵى یەکەمى دووەمین ڕۆژى کۆنفرانس، لە کاتژمێر (٩) سەرلەبەیانى ڕێکەوتى (٦/٤/٢٠٢١) لە هۆڵى کۆنگرەکان، پانێڵى دوەمیش بەناونیشانى (ئەندازیارى گواستنەوە و هاتوچۆ- کارگێڕى ئەندازیارى و ئابورى) بەڕێوەچوو، ((Keynote Speaker سەرەکى پانێڵەکە پڕۆفیسۆر (سەعد عیسى سەرسەم) لە زانکۆى بەغداد لە عێراق بوو، هاوکات سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکە پێکهاتبوون لە پڕۆفیسۆر (سەعد عیسى سەرسەم) لە زانکۆى بەغداد لە عێراق و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (نورى عەلى سادق) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، عێراق.
بابەتى یەکەمى ئەو پانێڵە، خستنەڕووى توێژینەوەیەکى زانستى پڕۆفیسۆر دکتۆر (محەمەد عەباس ئەلجومەیلى) بوو بەناونیشانى (توێژینەوەیەک بۆ باشترکردنی چاڵ لە شۆستەی نەرم بە زیادکردنی پۆلیمەرە دیاریکراوە بۆ تێکەڵەی قیر)، پاشان لەلایەن پڕۆفیسۆر (سەعد عیسى سەرسەم) لە زانکۆى بەغداد توێژینەوەیەک بەناونیشانى (بەکارهێنانی تەکنیکی ڕوپێوى لە هەڵبژاردنی ڕێگەی میترۆی بەغدا) پێشکەشکرا، هەر هەمان توێژەر لە هەمان پانێڵدا توێژینەوەیەکى دیکەى بەناونیشانى(پاراستنی بەردەوامی شۆستەی نەرم لە ڕووی چارەسەرکردنی درزە وردەکان)، پاشانیش لەلایەن هەریەک لە توێژەران مامۆستاى یاریدەدەر (دڵزار بەکر قادر) لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئاسۆ فایز تاڵەبانى و ، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سینان عەبدولخالق یاسین) لە زانکۆى سەڵاحەددین، توێژینەوەیەکى هاوبەشیان بەناونیشانى ( هەڵسەنگاندنى کارامەیی ئاوێتەکردنى قیرى گەرم و بەکارهێنانى (HMA) بۆ گۆڕینى پۆلیمەر) پێشکەشکرا.
لە بەشى کۆتایى ئەم پانێڵەشدا (٥) توێژینەوەی دیکەى پەسندکراوى کۆنفراس، لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەش کرا، توێژینەوەى یەکەم تایبەت بوو بە(پاراستنی کوالیتی پتەوى شۆستە و گەشەپێدانی بەیارمەتی بەکتریا)، کە لەلایەن توێژەران پڕۆفیسۆر (سەعد عیسى سەرسەم) لە زانکۆى بەغداد و، (محەمەد فازڵ سلێمان) لە زانکۆى موستەنسریە پێشکەشکرا، دواتر توێژینەوەیەکى هاوبەشى توێژەرانى زانکۆى موسڵ دکتۆر (ئەیمەن عەبدولمەجود) و، دکتۆر (عەبدولخالق ئەلتائی) بەناونیشانى (پەڕینەوەی پیادە بۆ مۆدێلەکانی ڕەفتار لە ناوچەی دەروبەرى ناوەندی شاری دهوک) خرایەڕوو. لە کاتژمێر (١١:٤٠) هەمان ڕۆژ توێژینەوەیەکى هاوبەشى دیکە بەناونیشانى (توێژینەوەى بەراوردکارى بۆ مۆدێلەکانی لێشاوی هاتوچۆ: توێژینەوەى بار لەبارەى ڕێگەی خێرای بازنەیی لە شارى بەغداد) لەلایەن توێژەرانى کۆلێژە زانکۆیی فارابى (حوسام موسڵح فارس و مەحمود خالد عوبیدى) پێشکەشیان کرد.
هەر لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانى ئەو پانێڵەدا، توێژینەوەیەکى هاوبەش بەناونیشانى (تێپەڕبوونى کات لە پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوە لە شارى سلێمانى) لەلایەن پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (نورى سادق عەلى) لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، (بيجور عەلى شەونم عبدو الله) لە زانکۆى سلێمانى پێشکەشکرا، لە کۆتایی پانێڵەکەشدا توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەشى توێژەران پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (نورى عەلى) لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، (سالار ئەحمەد) لە زانکۆى سەڵاحەددین بەناونیشانى (هەڵسەنگاندنی کۆی تێچوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای هەولێر) پێشکەشکرا.
دواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵەش، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
ڕاسپاردەى کۆنفراس
دواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوە پەسندکراوەکان لەماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسدا، ئینجا کۆنفرانس گەیشتە چەند ڕاسپاردەیەکى گرنگ و، دواى خوێندنەوەى ڕاسپاردەکان لەلایەن ئەندامانى کۆنفراس پەسند کران و ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کران، بۆ کارکردن لەسەر خاڵ و بڕگەکانى ڕاسپاردەى کۆنفراسن، کە ئەوانیش بریتیبوون لە:
- ئاڵوگۆڕی ئەزموون و داهێنانەکان، دەستکەوتەکان و زانیاری لەنێوان بەشە زانستییە هاوچەشنەکان لە نێوان کۆلێژ و زانکۆکان.
- هاندانى هەموو بەشداربووانی کۆنفرانس بۆ کۆکردنەوەى ئەکادیمیست و توێژەر و کەسانى خاوەن ئەزمون و پڕۆفیشناڵ بەئامانجی ڕیکخستن و پڕکردنەوەى کەلێنی نێوان زانستە تیۆری و پراکتیکیەکان لەبوارەکانی بیناسازی و ئەندازیاری شارستانیدا.
- پێویستە سوود لەو ئەنجامە پراکتیکی و تیۆریانە وەربگیرێت، کە کە لە میانەی پانێڵەکانى کۆنفرانسدا باسکران و لەلایەن توێژینەوەکان پێشکەشکران و، پێویستە سودیان لێى وەربگیڕی بۆ پەرەپێدانی خوێندنی تیۆری و پراکتیکی لە بوارى خوێندنى ئەندازیارى تەلارسازى و ئەندازیاریی شارستانى و پێشخستنیان .
- زۆربوونى ئاڵۆزی بینا نوێیەکان و دروستکردنی پیشەسازی (ئاسۆیی) داوای بەکارهێنانی مۆدێلی ڕێکوپێک و زانیاری بیناسازی کاریگەرمان لێ دەکات ، ئەوش ئاماژە بە مۆدێلی کۆمپیوتەری سێ ڕەهەندى سیستمەکانی بیناسازی و دروستکردنی تەلارسازى دەکات
- دەبێت ئەندازیاریی شارستانی و تەلارسازی کارلێکی بەهێزی لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەبێت، لەهەمانکاتدا زۆر بەهێزى پشتگیری لە چالاکی بەرزکردنەوە ئاستى هۆشیارى بکات و، پشتگیری بەرنامەی تواناسازی نیشتمانی بکات .
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم و ئاوێتەکردن و تێکەڵکردنی نوێ وەک کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە و لەکاتی قۆناغەکانی تێکەڵکردن و گواستنەوە و قاڵبدان و تەواوکردن و پرۆسەکانى دروستکردنی کۆنکرێت یەکێکى دیکەیە لە ڕاسپاردەکانى ئەم کۆنفرانسە.
کۆتایى کۆنفراس
دواى پێشکەشکردنى هەر (36) توێژینەوەکە و، خوێندنەوەى ئەنجامى ڕاسپاردەکان، لە کۆتایى کۆنفرانسەکەشدا، کە لە کاتژمێر (٣)ى دواى نیوەڕۆى ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى (٦/٤/٢٠٢١) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سوپاسى هەموو لێژنەکانى ئامادەکار و بەڕێوەبردنى دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، لە کۆتایشدا، بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسدا دابەش کرا.
بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى لەگەڵ زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان کۆتاییان بە دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی هێنا، واش بڕیارە بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ بۆ جێبەجێکردنیان.