زانکۆی جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى زانکۆی AGHـی پۆڵەندی بەهێزکردنى ژێرخانى بواری ڕۆبۆتیک و ژیرى دەستکرد دەگەینێتە ئاستێکی باڵا
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 15, 2026
لە چوارچێوەی سەردانی شاندنی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وڵاتی پۆڵەندا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لەگەڵ پڕۆفیسۆر جێرزی لیس (Professor Jerzy Lis)، سەرۆکی زانکۆی ئەی جی ئێچ بۆ تەکنەلۆژیا لە کڕاکۆڤ (AGH University of Krakow for Technology)” ، ئاسۆکانی هاوکاریی نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیا تاوتوێ کرد.
تەوەرێکی گرنگى گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و فێرکاری، بەتایبەت ڕەوانەکردنى دەرچوانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییەکانی میکانیک، ڕۆبۆتیک و پڕۆگرامسازی لە زانکۆی AGH، هەروەها هەردوولا جەختیان لە کاراکردنی پڕۆگرامی (Erasmus+) کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی مامۆستا و فێرخوازان، لەگەڵ ناردنی مامۆستای سەردانیکەر (Visiting Professors) لەو پسپۆڕییانەی کە زانکۆی جیهان-هەولێر پێویستییەتی.
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆگرامی خوێندنی هاوبەش (Dual Degree) لە بوارەکانی سایبەر سیکیوڕیتی، ژیریی دەستکرد (AI) و ڕۆبۆتیک لەگەڵ زانکۆی AGH کارا دەکرێت، تاوەکو فێرخوازان بتوانن بڕوانامەی هەردوو زانکۆ بەدەستبهێنن. هاوکات، بڕیاردرا تیمى توێژینەوەیی هاوبەش (Research Groups) پێکبهێنرێن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئاستبەرز لە بوارە تەکنەلۆژییەکاندا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داوەتنامەی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی زانکۆی AGH و، یاریدەدەرەکەی و ڕاگری کۆلێژی ڕۆبۆتیک کرد بۆ سەردانیکردنی زانکۆی جیهان-هەولێر لە مانگی ئازاری داهاتوودا، تا لە نزیکەوە ئاگاداری ئاستی زانستیی زانکۆکە بن. وەک هێمایەکیش بۆ ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکی زانکۆی AGH قەڵغان و لۆگۆی ڕێزلێنانیان ئاڵوگۆڕ کرد، کە وەک دەسپێکێکی نوێ بۆ بەستنەوەی زانکۆکانی کوردستان بە ناوەندە تەکنەلۆژییە جیهانییەکان هەژمار دەکرێت.
پاشان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی زانستیی زانکۆ، بە شێوەیەکی مەیدانی لە پەراوێزى سەردانەکەیاندا بۆ زانکۆی ئەی جی ئێچ بۆ تەکنەلۆژیا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەردانی تاقیگەکانی ڕۆبۆتیکی زانکۆی کرد. لەوێ لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یارۆسلاو کۆنیێزنی (Jarosław Konieczny)، ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری میکانیک و ڕۆبۆتیک، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کردەیی بۆ دامەزراندنی دوو تاقیگەی پێشکەوتووی ڕۆبۆتیک لە زانکۆی جیهان-هەولێر. بەپێی ڕێککەوتنەکە سەرەتاییەکە، دوو پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆی AGH سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی دامەزراندن و کارپێکردنی ئەو دوو تاقیگەیە بەپێی نوێترین ستانداردە جیهانییەکان.



