زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ لە پۆڵەندا تاوتوێى ڕێکەوتنێکى ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانیان دەکەن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 18, 2026
لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وڵاتی پۆڵەندا و، لە پەراوێزى کۆبونەوەکاندا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئەندرێی شاراتا (Professor Andrzej Szarata, PhD, DSc) سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ (Krakow University of Technology) کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/٧/٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشە زانستیەکانى و پرۆگرامەکانى خوێندن و ئاستى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆ کرد، بۆ ئەوەش وتى: لە زانکۆکەمان بەشەکانی کۆمپیوتەر، سایبەر سیکیوریتی، ژیریی دەستکرد، ئەندازیاریی تەلارسازی، ئەندازیاریی دیزاینى ناوخۆیی،ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك هەیە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەى بە ڕەوانەکردنى دەرچووانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، بەتایبەتی لە پسپۆڕییە وردەکانی وەک: میکانیک، ڕۆبۆتیک و پڕۆگرامسازی. هەروەها جەختی لە کاراکردنی پڕۆگرامی (Erasmus+) کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی فێرخوازان و مامۆستایان، لەگەڵ ناردنی مامۆستای سەردانیکەر (Visiting Professors) بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆی وردیان دەربارەی تیمێکی هاوبەش بۆ توێژینەوە و نووسین لە هەردوو زانکۆکە کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: من پەیوەندی لەگەڵ هەموو کۆلێژ و بەشەکاندا دەکەم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زانکۆ بۆ ئەوەى لەگەڵ بەشەکاندا پەیوەندی ببەستن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بەرنامەکان بن.
وەک هێمایەک بۆ بەهێزیی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ قەڵغانی زانکۆی جیهان-هەولێری پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کڕاکۆڤ کرد،
ئەم سەردانە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ هەژمار دەکرێت بۆ بەستنەوەی زانکۆی جیهان-هەولێر بە ناوەندە زانستییە پێشەنگەکانی ئەوروپا و دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیا و زانیاری بۆ فێرخوازانى زانکۆکە.



