سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى سەندیکاى ئەندازیارانى عێراق کرد
بەمەبەستى تۆمارکردنى کۆلێژە و بەشەکانى ئەندازیارى زانکۆى جیهان-هەولێر لە تۆمارى بەشە ئەندازیارییەکانى سەندیکاى ئەندازیارانى عێراقى، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی پێشوازى لە شاندێکى سەندیکاى ئەندازیارانى عێراق کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (14/2/2023)، لێژنەى سەنتەری گشتی و ئەهلی بۆ باوەڕپێکردن و تۆمارکردنی بەشە ئەندازیاریەکان لە سەندیکای ئەندازیارانی عێراق بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر محمود فرحان مصلح سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبوونى سەرۆکى بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئەو پێشکەوتنانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بەدەستیان هێناوە، ڕونیشیکردەوە کۆلێژ و بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێگەیەکى دیاریان هەیە و، لە ماوەى ڕابردودا جگە لە پێگەیاندنى سەدانى کادیر و پسپۆڕى بەتوانا لە بوارە جیاکانى ئەندازیارى ( تەلارسازى، شارستانى، گەیاندن و کۆمپیوتەر)، لە ئێستاشدا فێرخوازامان لە بەشەکانى ئەندازیارى (پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك، دیزاینی ناوخۆیی) هەیە، لەهەمان کاتدا چەندین کۆنفراسیى نێودەوڵەتیان بەڕێوەبردوە، هەموو ئەمانەش ڕوڵى گرنگیان لە بونیادنانەوەى ژێرخانى وڵات هەبووە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی بەشەکانی ئەندازیارى ڕوونکردنەوەیەکی وردیان لەبارەى سروشتی پرۆگرامەکانی خوێندن و تاقیگەکان و چۆنیەتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان پێشکەش بەشاندى میوان کرد، هەروەک باسیان لەو چالاکیانە کرد، کە بەشێوازى جۆراوجۆر بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەى کارامەیی فێرخوازان ساڵانە ئەنجامى دەدەن.
دوا بەدواى ئەنجامدانى کۆبونەوەکە، لێژنەکە سەڕدانی لێژنەی تاقیکردنەوەکانی ناوەندیان له زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى سروشتی چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانی لێژنەکە و، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بوون.
لە کۆتا وێستگەی سەردانەکەیاندا لیژنەکە سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیری و کەلتورى زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد، شاندنى میوان سەرسامی خۆیان بە سروشتی کەشوهەوای ئەکادیمی زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنە دەربڕى، کە لە بوارى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیگە بەدیهاتووە، لەهەمانکاتدا دەستخۆشیان لە سەرۆکایەتى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکانى ئەندازیارى کرد، کە توانیویانە ئەو پێشکەوتنانە بەدى بێنن و تاقیگە و ئامێرى فێرکاری سەردەمیانە بۆ فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیاری دەستەبەر بکەن.