سەرۆکى زانکۆ پیشانگەیەکى هونەرى گەنجانى پەنابەر کردەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پیشانگەیەکى هونەرى پەنابەرانى کردەوە.
لە مەراسیمى کردنەوەى ئەو پیشانگەیەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕیکەوتى (٢٦/٤/٢٠٢٢) بەئامادەبونى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و بەهێز سابر بەڕێوەبەرى تیمى کاروبارى کۆمەڵایەتى لە کەمپى پەنابەران و ئاوارەکان و فادیە مەروان بەیتار بەرپرسى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕێکخراوى سویدۆ بەڕێوەچوو، پیشانگەکە لەلایەن بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى ڕێکخراوى سویدۆى سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان و بەبەشدارى کۆمەڵێک گەنجانى هونەرمەند لە کەمپى پەنابەرانى کەورگۆسک ڕێکخرابوو.
لەو پیشانگەیەدا، کە (٤٣) تابلۆى هونەرى جۆراجۆرى گەنجانى پەنابەرى لەخۆگرتبوو، زۆربەیان گوزارشتیان لەو ژیان سەخت و دژوارەى پەنابەران دەکرد، کە لە ژیانى دەربەدرى و پەنابەریدا بەسەرى دەبەن، بۆ پاڵپشتى لە هونەرەکەیان و بەردەوامیدان بەکارەکانیان و گەیاندنى دەنگ و ڕەنگیان بەلایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن ئامادەبوانەوە زۆربەى تابلۆکان کڕدران.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا، پڕۆیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى و ستایشى کارە هونەرییەکانى گەنجانى پەنابەر و ئاوارە کرد و، ڕونیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک هەمیشە پاڵپشتى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە، بۆیە ئەمڕۆش مایەى خۆشحاڵیە کە زانکۆکەمان بۆتە ناوەندێک بۆ خستنەڕوى بەهەرە و لێهاتویی کەسانێک، کە نیشتیمانى خۆیان بەجێهێشتوە، بۆ ئەوەش دەستخۆش لە ڕێکخەرانى پیشانگەیەکە کرد.