شاندێکی زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی دەکات
شاندێکی زانکۆی جیهان – هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر صبيح هاشم و ئەندامیەتى هەریەک لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئامینە سەباح و دکتۆر عەبود محمد و دکتۆر احمد عبدعون سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتى عێراقیان لە شاری بەغداد کرد.
شاندەکە لەگەڵ پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سلاح هادی الفتلاوی سەرۆکی دەستەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی زانستی و، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر حسێن حەمید عەلی بەڕێوەبەری خوێندنى ئەهلی لە وەزارەت کۆبونەوە.
لە میانەى کۆبونەوەکە، سەرۆکى شاندى زانکۆ سڵاوی تایبەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریان گەیاندە لێپرسراوان، پاشان باسیان لە کردنەوەى چەند بەشێکى زانستى نوێ لە زانکۆى جیهان کرد، لەهەمان کات ڕونکردنەوەى تەواویان لەبارەى چۆنیەتى گەشەسەندنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕووى چۆنیەتى کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەیان بە بەدەستهێنانى متمانەى دامەزراوەى ئەکادیمی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن لە چەند بەشێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دامەزراوە ئەکادیمییە بەناوبانگەکانی ئەڵمانی و بەریتانیا (ASIC & Zeva) کرد، لەگەڵ پەیڕەوکردنى سیستمى پرۆسەی بۆلۆنیا (Erasmus Plus)، کە لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئەوروپا پەیڕەو دەکرێ.
هەر لە میانەى قسەکانیدا، شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکیان خستەسەر ئاستى فراوانى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمى و زانستیەکانى جیهان، بۆ ئەو مەبەستە باسیان لە بەشداریکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پرۆگرامی ئیراسموس پڵەسی یەکێتی ئەوروپا و بەدەستهێنانی ژمارەیەک کورسى خوێندن بۆ فێرخوازانى زانکۆ لە زانکۆکانى پۆڵندا کرد، ئەوەشیان ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لە نویترین هەڵسەنگاندن و ڕیزبەندى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) توانى لەسەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان و عێراق پلەى یەکەم بەدەست بهێنێت.
شاندەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەوەشیان ڕونکردەوە، کە لەگەڵ زۆربەى زۆرى زانکۆکانى عێراق ڕێکەوتن و هاوبەشی ئەکادیمی و زانستیان هەیە و، کۆنفرانسە زانستیی هاوبەش ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش زانکۆى جیهان بۆتە زانکۆیەک کە سەرجەم ڕۆڵەکانى عێراقى لەسەرجەم پێکهاتە و شارە جیاکانى لە ئامێز گرتوە و، دەرفەتى خوێندنى بۆ ڕەخساندون.
لە بەرامبەردا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سلاح هادی الفتلاوی سەرۆکی دەستەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی زانستی و، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر حسێن حەمید عەلی بەڕێوەبەری خوێندنى ئەهلی لە وەزارەت ستایشی هەوڵە زانستیەکانی زانکۆى جیهان-هەولێریان لە هەموو بوارەکاندا کرد، بەتایبەت لە بوارى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و، بەردەوامیی لە بواری توێژینەوەی زانستی و گەشەپێدانی ئەکادیمیدا، جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە هەموو ئەو هەوڵانەی زانکۆ دەیدات لە پێناو خزمەتکردنى فێرخوازان و کۆمەڵگە و وڵاتە.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، شاندی زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسی پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سلاح هادی الفتلاوی سەرۆکی دەستەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی زانستی و، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر حسێن حەمید عەلی بەڕێوەبەری خوێندنى ئەهلی لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقیان کرد، هیواشیان خواست ئەو دیدار و کۆبونەوانە بەردەوامیان هەبێ بۆ ئاگاداربونى زیاتر لە ئاستى پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان.